رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ "کەجەکە" بەبۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆکۆماری ئێران و هاوەڵانی، سەرخۆشی لە حکومەتی ئێران دەکات و گومانیشی لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە هەیە: "پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت."
کەجەکە دەڵێت: "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. هەندێک هێز لە سەرویانەوە تورکیا، دەیانەوێت لە رێگەی ئێرانەوە شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر بێت".
کەجەکە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە مەترسیی بۆ "گەلان" دەزانێت: "بە گرنگی دەزانین هێزەکانی ناوچەکە بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن و دژی سیاسەتی ئەو هێزانە بووەستن کە دەیانەوێت شەڕ فراوانتر بێت."
رۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە، دوای کردنەوەی بەنداوێک لەسەر سنووری ئازەربایجان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بە هێلیکۆپتەرێک بەرەو شاری تەورێز گەڕانەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی، کە ژمارەیان نۆ کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
دەقی راگەیێندراوی کەجەکە:
سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەندێک کرانەوەی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان چووبوونە ئازەربایجان، بەڵام لە رێگەی گەڕانەوە لە ئازەربایجان ئەو کۆپتەرەی تێیدابوون کەوتە خوارەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا. ئەوەندەی لە بیروڕای گشتیدا دەردەکەوێت، دەوڵەتی ئێران ئەم رووداوەی بە رووداوێکی بە رێکەوت وەسف کردووە، بەڵام رووداوێکی گوماناوییە. لە سەردەمێکدا کە هەرێمەکەمان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، رووداوێکە کە دەبێت لێی تێبگەین. ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و هەروەها دەوڵەتی ئێران دەکەین.
ناوچەکەمان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەندێک هێز دەیانەوێت لە رێگەی ئێرانەوە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قووڵتر بکەنەوە و بڵاوی بکەنەوە و بۆ ئەمەش لە جمووجۆڵدان، دەوڵەتی تورکیا لە سەرووی ئەم هێزانەدایە.
ئێمە قووڵبوونەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی گەلاندا نابینین، بەم هەستیارییەوە مامەڵە دەکەین، بە گرنگی دەزانین هێزەکانی ناوچەکەش بەم هەستیارییەوە نزیکی پرسەکە ببنەوە و بە وریاییەوە لە دژی سیاسەتی ئەو هێزانە مامەڵە بکەن، کە دەیانەوێت شەڕەکە بەربڵاو و قووڵتر بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ