تورکیا زۆرترین مۆبیلیاتی هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە

22-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زۆرترین هەناردەی مۆبیلیات و کاغەزی تورکیا لە حەوت مانگی رابردوودا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، کە بەهای هەناردەکردنەکە گەیشتووەتە 577.6 ملیۆن دۆلار.
 
هەناردەی تورکیا لە مانگەکانی کانوونی دووەم - تەممووز لە مۆبیلیات و کاغەز و بەرهەمی دارستان 4.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەپێی راگەیێندراوی یەکێتیی هەناردەکارانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستەنبووڵ، هەناردەی تورکیا لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە هەمان قۆناخی ساڵی رابردوو 8.4٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار.
 
ئامانجی هەناردەی ئەمساڵ لە کەرتی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستان کە بە 10 ملیار دۆلار دیاریکراوە، لە تەممووزدا فرۆشی دەرەکیی 609 ملیۆن دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە هەناردەی کەرتەکە لە کانوونی دووەم-تەممووزی ئەمساڵ بەرزبووەتەوە بۆ 4.58 ملیار دۆلار. 
 
مۆبیلیات یەکێکە لەو بەرهەمانەی پشکی گرنگی لە کەرتەکەدا هەیە و هەناردەی لە مانگی تەممووزدا 343 ملیۆن دۆلار بووە. تێکڕای هەناردەی حەوت مانگیش 2.61 ملیار دۆلار بووە.
 
لە حەوت مانگی ئەمساڵدا، لە تورکیاوە بەرزترین هەناردە لە بەرهەمەکانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستان بۆ باشووری کوردستان و عێراق بووە، کە بەهاکەی 577.6 ملیۆن دۆلار بووە. ئیسرائیل بە 238.6 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بە 229 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان. هەروەها ئەڵمانیا بە 196.3 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم و ئێرانیش بە 171.2 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەم دێت.
 
بە گوتەی ئەرکان ئۆزکان، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستەنبووڵ ئێستا رێگەکانی بەردەم کەرتەکە زیاتر واڵان. ئۆزکان باسی لەوە کرد وەرزی هاوین کە بۆ کەرتەکانی دیکە وەرزێکی هێواشە لە هەناردەدا، بەڵام بۆ ئەوان باشترە و گوتی: ''لە کاتێکدا لەم قۆناخەدا رێژەی هەناردەمان زیادی کردووە، لەلایەکی دیکە ستراتیجی نوێی هەناردە دیاری دەکەین و ئامانجمان ئەوەیە ژمارەی پێوانەیی لە ئامانجە کورتمەودا و مامناوەندەکاندا تۆمار بکەین".
 
یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمەکانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، کە ئەمساڵ ستراتیژیی نوێیان داڕشتووەتەوە و رێڕەوی هەناردەیان فراوانتر کردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە