رووداو دیجیتاڵ
پارتی کۆماریخوازی تورکی قوبرس (CTP)، کە پارتی توفان ئێرهورمان، سەرۆککۆماری نوێی قوبرسی باکوورە، گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی بە "بێڕێزیکردن و دژایەتیکردنی ویستی خەڵکەکەی" ناودەبات.
دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی قوبرسی باکوور نیشان دا و داوایکرد قوبرسی باکوور بە تورکیاوە بلکێندرێت، لەلایەن پارتی کۆماریخوازی قوبرسی باکوور (جەتەپە)وە وەڵام درایەوە.
جەتەپە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "گەلی تورکی قوبرس، جارێکی دیکە بە بەهێزییەوە مافی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەکارهێنا. ساڵی 2025 خەڵکی ئێمە ویستی دیموکراسییانەی خۆی خستە سندووقی دەنگدانەوە."
جەتەپە دەڵێت، "بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن، توفان ئەرهورمان، سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریخوازی تورکی قوبرس (جەتەپە)، بە بەدەستهێنانی 62.76%ی دەنگەکان، بە سەرۆکی نوێی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور هەڵبژێردرا. ئەم ئەنجامە دەربڕینێکی روونی داواکاریی گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری. خەڵک پێویستی بە داهاتوویەکی پێشبینیکراو، گیانی برایەتی، چارەسەر و ژیریی هاوبەشە."
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، رێژەی بەشداری نزم بووە، پێویستە پەرلەمانی قوبرسی باکوور هەڵبژاردنەکە هەڵبوەشێنێتەوە و بریار بدات ئەو بەشەی قوبرس ببێتە 82ەمین پارێزگای کۆماری تورکیا.
لەوبارەیەوە جەتەپە دەڵێت، "لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی، سەبارەت بەوەی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور ببێتە پارێزگای 82هەمینی تورکیا، بە تەواوی دژی ویستی گەلی قوبرس و یەکسانیی سیاسییە؛ هاوکات دژی یاسای نێودەوڵەتیشە و قبووڵ ناکرێت. ئەم جۆرە لێدوانە هێرش و بێڕێزییە بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی تورکی قوبرس."
جەتەپە هەروەها دەڵێت، هەر گوتارێکی سیاسی، ویستی گەلی تورکی قوبرس بێبەها بکات، لای ئەوان قبووڵکراو نییە.
دەوڵەت باخچەلی چیی گوتبوو؟
باخچەلی رۆژی 21-10-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ناڕەزایی بەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردنی قوبرسی باکوور نیشاندا و گوتی، "رۆژی 03-10-2017 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەماندا گوتم؛ کاتی هات، دۆخ گونجا و مێژوو و جوگرافیا بەرتەسک بووەوە، میساقی میللی خەبەری دەبێتەوە. ئەوکاتە هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەردەم گوتنی؛ 81 لە دوزجە، 82 کەرکووک و 83 موسڵ بوەستێتەوە. ئینجا ئێستا بەشێک لە ئامانجەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتی دەوەستێنین و دەڵێین: راستەوخۆ دوای 81ی دوزجە، 82 کۆماری قوبرسی تورکییە و ئەمە پرسی مان و نەمانە بۆمان."
تورکیا و باکووری کوردستان لە 81 پارێزگا پارێزگا پیکهاتوون، کە ئەدەنە پارێزگای ژمارە 1ــە و دوزجە پارێزگای ژمارە 81ـە.
ئەم گوتەیەی باخچەلی بەو واتایە دێت کە ویستی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی تورکیا ئەوەیە کەرکووک، نەینەوا و قوبرسی باکوور بخرێنە سەر کۆماری تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ