راپۆرتێکی کنێست لەبارەی کۆچی ئیسرائیلییەکان بۆ دەرەوەی وڵات: ئەوەی روودەدات تسونامییە

22-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتێکی لیژنەی کاروباری کۆچی پەرلەمانی ئیسرائیل، ناسراو بە کنێست، زیاتر لە 125 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی لە سەرەتای ساڵی 2022 تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2024، وڵاتەکەیان جێهێشتووە و کۆچیان کردووە.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، کە لەلایەن سەنتەری توێژینەوە و زانیاریی کنێست ئامادە کراوە و رۆژی سێشەممە دراوەتە لیژنەی کۆچی پەرلەمان، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە کۆمەڵێک هۆکار لەپشت ئەو کۆچە بەکۆمەڵەی ئیسرائیلییەکانە و سەرەکیترینیشیان جەنگە دوو ساڵییەکەی غەززەیە.
 
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، چاوەڕێ دەکرێت ئەو شەپۆلی کۆچکردنە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش بەردەوام بێت، چونکە جەنگەکە تاوەکو کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر درێژەی کێشاوە.
 
گیلاد کاریڤ، سەرۆکی لیژنەی کۆچی کنێست، لەبارەی ئەو ئامارەوە دەڵێت، "ئەمە شەپۆلی کۆچکردن نییە، بەڵکو تسونامیی ئیسرائیلییەکانە کە وڵات جێدەهێڵن."
 
هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە، حکومەت ئێستا هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچکردنی ئیسرائیلییەکان، "لیژنەکەمان لە داهاتوودا کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە."
 
راپۆرتەکە دەریخستووە، لە سەرەتای ساڵی 2022 تاوەکو مانگی ئابی 2024، 125 هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل رۆیشتن و کۆچیان بۆ وڵاتێکی دیکە کردووە و نەگەڕاونەتەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2022دا نزیکەی 59 هەزار و 400 ئیسرائیلی وڵاتەکەیان جێهێشتووە. لە ساڵی 2023دا 82 هەزار و 800 کەس کۆچیان کردووە. راپۆرتەکە دەڵێت، لە ساڵی 2024، نزیکەی 50 هەزار کەس لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ مانگی ئاب، وڵاتیان جێهێشتووە.
 
راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، تێکڕای ژمارەی کۆچکردنی ئیسرائیلییەکان لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ ساڵی 2021، ساڵانە نزیکەی 40 هەزار و 500 کەس بووە.
 
لە هەمان کاتدا، لە ساڵی 2022دا، 29 هەزار و 600 ئیسرائیلی لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە؛ لە ساڵی 2023دا، 24 هەزار و 200 کەس گەڕاونەتەوە بۆ ئیسرائیل و لە 8 مانگی یەکەمی پاریش، 12 هەزار و 100 کەس گەڕاونەتەوە.
 
ئێریک مایکلسن، بەڕێوەبەری وەزارەتی کۆچبەرانی ئیسرائیلی لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە نوێیەی کۆچکردنی ئیسرائیلییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، دەڵێت، "ئێمە وەزارەتێک نین بۆ رێگریکردن لە کۆچکردن و دەسەڵاتێکمان نییە بۆ وەستاندنی پرۆسەی کۆچکردن لە وڵاتدا. تەنیا کۆچبەران و ئەوانەی گەڕاونەتەوە لەژێر چاودێریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەردان، ئێمە کار دەکەین بۆئەوەی ئەوانە بۆ ماوەیەکی درێژ لە وڵاتدا بمێننەوە."
 
ئۆفیر سۆفەر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەیان ژمارەیەک هەنگاوی چاکسازییان لە پرۆسەی کۆچبەراندا دەستپێکردووە و داواش لە حکومەت کراوە، گرنگیی زیاتر بە کۆچبەران بدەن، ئەمەش وەک ئامرازێک بۆ گەشەی ئابووریی ئیسرائیل.
 
لای خۆیەوە، گیلاد کاریڤ، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆچی پەرلەمانی ئیسرائیلیش داوای لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کرد، پلانێکی ستراتیژی دابڕێژێت بۆ هاندانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە دەرەوەی وڵات تاوەکو بگەڕێنەوە، دانانی میکانیزمێکی تایبەتیش بۆ چاودێریکردنی ئەو کارمەندە ئەکادیمییانەی ئیسرائیل جێدەهێڵن و دەچنە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە