ئێران داوای جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەمنی لە عێراق دەکات

22-10-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد، رێککەوتنی ئەمنی نێوان دوو وڵات بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و سەربازی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 لە تاران لەگەڵ عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆبوونەوە.
 
میدیا فەرمییەکانی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاویانکردەوە، موسەوی داوای کردووە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەغدا و هەولێر پابەندن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە و وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتوویەتی، هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران.
 
ئێران و عێراق لە 19ـی ئاداری 2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەکانی نێوانیان واژۆ کرد بە ئامانجی سنووردارکردنی چالاکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. شەش مانگ دوای رێککەوتنەکە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی ئێران و عێراق رۆژی 19ی ئەیلوولی 2023 رایگەیاند، "بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران بە تەواوی چۆڵکران و بۆ ناوچەیەکی دوور لە سنوور دوورخرانەوە و لە چەکیش داماڵدران."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە 11-08-2025 بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یاداشتێکی ئەمنییان واژۆ کرد و قاسم ئەعرەجی دوای واژۆکردنی یاداشتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوەی ساڵی 2023 واژۆیان کردووە کۆنووس بووە و ئەم ساڵ کراوە بە یاداشت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە