رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە ئاگربەستە کاتییەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد و رایگەیاند، "راگەیاندنی لێکتێگەیشتنی ئاگربەستی مرۆیی دوای شەش هەفتە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە پێشهاتێکی ئەرێنی دەبینین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتەکە لەبارەی ئاگربەستە کاتییەکە لە غەززە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای زیاتر لە شەش هەفتەی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل، رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی چوار رۆژ لە غەززە و راگرتنی پێکدادانەکان و خوێن رشتن، پێشهاتێکی ئەرێنییە".
وەزارەتەکە چاوەڕێیە هەموو بەندەکانی لێکتێگەیشتنەکە، لە ئازادکردنی بارمتەکان و بەشێک لە بەندکراوان و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، جێبەجێ بکرێت. هیواشی خواستووە هەرچی زووە بە یەکجاری کۆتایی بە شەڕ بێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها ستایشی هەوڵەکانی وڵاتی قەتەر کراوە بۆ دەستبەرکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە.
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، دواجار ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن.
حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، "قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا." ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
حەماس رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ