رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پاسەوانەکانی لە زیندانی ئەقتان لە رەققە بۆ شوێنی ئارام گواستەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریاش رایگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانەکەیان وەرگرتووە و دەستیان بە پشکنینی دۆسیەی زیندانییەکان کردووە.
رۆژی هەینی 23-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، پرۆسەی گواستنەوەی شەڕڤانەکانیان، کە ئەرکی پاراستنی زیندانی ئەقتانیان لە ئەستۆ بوو، کۆتاییهات.
هەسەدە دەڵێت: "بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پرۆسەی گەیاندنی شەڕڤانەکانمان کە ئەرکی پاراستنی زیندانی ئەقتانیان لە رەققە لە ئەستۆ بوو بۆ شوێنی ئارام، تەواو بوو".
زیندانی ئەقتان ژمارەیەک دەستبەسەرکراوی رێکخراوی داعشی تێدایە.
هاوکات، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی زیندان و چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتەکە، زیندانی ئەقتانی لە پارێزگای رەققە وەرگرتووە، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدەدا بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دەستبەجێ دەستیان کردووە بە پشکنینێکی ورد و گشتگیر بۆ دۆخی زیندانییەکان و دۆسیە کەسی و دادوەرییەکانیان. وەزارەتەکە دەڵێت: "بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هەر یەکێک لە زیندانییەکان بەجیا دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر هەموو دەستبەسەرکراوەکان جێبەجێ بکرێت".
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی زیندانەکە کە چەکدارانی داعشی تێدایە، حکومەتی سووریا رایگەیاندووە، تیمێکی تایبەتمەند لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی ئەرکی پاسەوانیکردن و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ناو زیندانەکە لە ئەستۆ بگرن.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە "پابەندی تەواوی خۆیان بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دووپاتدەکەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ