رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی بەشێکی شاری رەفەحی باشووری غەززە دەکات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە هێزەکانی هێرشیان بۆ سەر چەکدارەکانی ناوچەکە دەستپێکردووە.
ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، سوپا "هێرشێکی دەستپێکردووە بۆ لێدانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە ناوچەی تەل سوڵتانی رەفەح.
ئەدرەعی داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل کرد کە "ناوچە مەترسیدارەکانی شەڕ" جێبهێڵن و زیاتر بەرەو باکوور بڕۆن.
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، هەمان پەیام لە رێگەی نامیلکەوە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە فڕێ دراوەتە خوارەوە.
ئیسرائیل رۆژی سێشەممەی رابردوو دەستی کردەوە بە بۆردوومانکردنی چڕی غەززە و هێزە زەوینییەکانی بۆ سنووری غەززە گواستەوە، ئەوەش ئاگربەستێکی کۆتایی پێهێنا کە لە 19ـی کانوونی دووەمەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
پێش دەستپێکردنەوەی هێرشەکە، ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئادار دا رێگری لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە کرد و کارەبای بڕی، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی حەماس بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە و ئازادکردنی 58 بارمتەی کە لەلایەن چەکدارانی فەلەستینییەوە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە جەنگەکەی لێکەوتەوە، راگیرابوون.
بڕیاری بڕینی کارەبا دۆخی سەختی ئێستای بۆ 2. 4 ملیۆن کەسی غەززە خراپتر کردووە.
رەفەح، دەکەوێتە سەر سنووری کەرتی غەززە لەگەڵ میسر، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بووە ئامانجی هێرشێکی گەورەی ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ