ترەمپ دەڵێت لەگەڵ سەرکردەیەکی "هەرە باڵا" و "رێزلێگیراو"ی ئێران گفتوگۆ دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەیەکی "رێزلێگیراو" و"هەرە باڵای" ئێران لە گفتوگۆدایە و باسی لەوە کرد، تاران پەرۆشی رێککەوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هەروەها ئەو مۆڵەتەی بە ئێرانی دابوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بۆ 5 رۆژی دیکە درێژکردەوە.
 
ئەم پاشەکشەیەی ترەمپ لە هەڵوێستە تووندەکەی کە هیوای چارەسەرکردنی جەنگەکەی هێنایە ئاراوە، بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و بووژانەوەی پێنوێنی بازاڕەکان. ئەمە حەسانەوەیەک بوو بۆ بازاڕەکانی سەرانسەری جیهان دوای ئەوەی لە رۆژی یەکشەممە ئەمریکا و ئێران هەڕەشەی تووندیان لە یەکدی کرد کە دەکرا لێکەوتەکانیان بۆ خەڵکی سڤیل لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارەساتبار بن.
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئێران دەیەوێت "رێککەوتن بکات" و رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرکردەیەکی ئێرانی گفتوگۆیان کردووە. ناوی ئەو کەسەی نەهێنا کە نوێنەرایەتیی ئێرانی کردووە، بەڵام گوتی ئەمریکا قسەی لەگەڵ ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵا نەکردووە. 
 
ترەمپ دەڵێت: "بەڕاستی ئەوان لە سەرەتاوە دەستپێدەکەن، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گۆڕینی رژێم روویداوە. ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەندێک کەس دەکەین کە بەڕای من زۆر گونجاون، زۆر بەهێزن، خەڵکەکەی ناوخۆش دەزانن کێن، زۆر رێزلێگیراون و رەنگە یەکێکیان ببێتە رێبەر."

 

 
 
ترەمپ گوتی ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت، ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران، کە بۆ بەرنامە ئەتۆمییە مشتومڕ لەسەرەکەی زۆر گرنگە. پێشتر ئێران بە تووندی داواکاریی لەو شێوەیەی رەتکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە مافی خۆیەتی بۆ مەبەستی ئاشتیانە یۆرانیۆم بپیتێنێت.
 
میدیای فەرمیی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە هەبوونی هەر گفتوگۆیەکی لەو شێوەیەی رەتکردەوە و گوتی ترەمپ "دوای هۆشدارییە تووندەکەی ئێران" پاشەکشەی کردووە. لە هەمان کاتدا تورکیا و میسر رایانگەیاند کە قسەیان لەگەڵ لایەنەکانی جەنگەکە کردووە، کە ئەمە یەکەم نیشانەی نێوەندگیریی هاوئاهەنگە لەلایەن وڵاتە گەورەکانی ناوچەکەوە.
 
ئەم جەنگە تاوەکو ئێستا چەندین خاڵی وەرچەرخانی گەورەی بەخۆوە بینیوە؛ وەک کوشتنی رێبەری باڵای ئێران، بۆردوومانکردنی کێڵگەیەکی سەرەکیی گازی ئێران و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی نەوت و گاز و ژێرخانی سڤیلی دیکە لە وڵاتانی کەنداو. جەنگەکە زیاتر لە دوو هەزار کەسی کوشتووە، ئابووریی جیهانیی هەژاندووە، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە و مەترسیی بۆ سەر هەندێک لە قەرەباڵخترین رێڕۆیە ئاسمانییەکانی جیهان دروستکردووە.
 
دوایین هەڕەشەکانی هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ئەگەر ببرابانە سەر، دەیانتوانی کارەبا لەسەر ملیۆنان کەس لە ئێران و سەرانسەری کەنداو ببڕن و ئەو وێستگانەی شیرنکردنی ئاویش لەکاربخەن کە ئاوی خواردنەوە بۆ زۆر لە وڵاتە بیابانییانە دابین دەکەن. هەروەها نیگەرانییەکان لەبارەی لێکەوتەکانی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە زیادبووندان.

 

 
 
ترەمپ مۆڵەتێکی دیاریکرد و پاشان درێژی کردەوە
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو کە ئەمریکا وێستگەکانی کارەبای ئێران "دەسڕێتەوە" ئەگەر ئەو وڵاتە لە ماوەی 48 کاژێردا دەستی لەسەر تەنگەی هورمز لانەبات کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت؛ ئەو مۆڵەتەش درەنگانی رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن کۆتایی دەهات.
 
لە درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەدا بۆ 5 رۆژی دیکە، ترەمپ گوتی، راگرتنی هێرشەکان "پەیوەستە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکانەوە."
 
لە تاران، رۆژنامەی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبوونی هەر گفتوگۆیەکی رەتکردووەتەوە. رۆژنامەکە نووسیویەتی: "لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا بەشێکن لە هەوڵەکان بۆ دابەزاندنی نرخی وزە و کڕینی کات بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانی."
 
پێشتر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی کردووە. تورکیا لە گفتوگۆکانی رابردووی نێوان تاران و واشنتندا نێوەندگیر بووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی دووشەممە رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات لەسەر ئەوەی ئایا وڵاتەکەی پەیامی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا گواستووەتەوە یان نا. بەڵام رۆژی یەکشەممە، هاکان فیدان پەیوەندیی بە تەلەفۆن لەگەڵ عەباس عێراقچی و هەروەها هاوتاکانی لە قەتەر، سعودیە، پاکستان، میسر و یەکێتیی ئەورووپا کرد. بەرپرسانی تورکیا هەروەها رایانگەیاند کە ئەو وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکاش قسەی کردووە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدەن.
 
لە هەمان کاتدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند کە قاهیرە "پەیامی روونی" گەیاندووەتە ئێران بۆ هێورکردنەوەی ململانێ. وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند کە لە چەند رۆژی رابردوودا "هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوامی" لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا کردووە.
 
ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد
 
سوپای پاسدارانی ئێران بەڵێنی وەڵامدانەوەی دابوو ئەگەر ترەمپ هەڕەشەکەی جێبەجێ بکات و گوتی کە ئێران هێرش دەکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا لە هەموو ئەو ناوچانەی کە کارەبا بۆ بنکەکانی ئەمریکا دابین دەکەن، "هەروەها ئەو ژێرخانە ئابووری، پیشەسازی و وزەییانەی کە ئەمریکییەکان پشکیان تێدایە."
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی کە ئێران ژێرخانە گرنگەکانی سەرتاسەری ناوچەکە بە ئامانجی رەوا دەزانێت، لەنێویاندا وێستگەکانی ئاو شیرینکردن کە بۆ ئاوی خواردنەوەی وڵاتانی کەنداو زۆر گرنگن.
 
ئاژانسی هەواڵی نیمچەفەرمیی فارس، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، لیستێکی ئەو جۆرە دامەزراوانەی بڵاوکردەوە، لەنێویاندا وێستگەی کارەبای ئەتۆمیی ئیمارات. رۆژی یەکشەممە، ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی شاری دیمۆنا کرد لە ئیسرائیل، کە نزیکە لەو دامەزراوەیەی کە مێژوویەکی درێژی گومانی هەیە بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. دامەزراوە ئیسرائیلییەکە هیچ زیانێکی بەرنەکەوت.
 
دوای پاشەکشێیەکەی ترەمپ، ئاژانسەکانی فارس و تەسنیم سەرۆکی ئەمریکایان بە بەزیو ناو برد. لە راپۆرتەکەی تەسنیمدا هاتووە: "لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، پەیام لەلایەن هەندێک نێوەندگیرەوە بۆ تاران نێردراوە، بەڵام وەڵامی روونی ئێران ئەوە بووە کە بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن تاوەکو ئەو کاتەی ئاستی پێویستی رێگریکردن بەدەستدەهێنرێت." 
 
هەروەها دەڵێت: "بەو جۆرە جەنگە دەروونییە، نە تەنگەی هورمز دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش جەنگ و نە ئارامی بۆ بازاڕەکانی وزە دەگەڕێتەوە."
 
لە کاتێکدا کە ئەمریکا کەشتیی هێرشبەری وشکانی-دەریایی و هێزی دەریایی مارینزی زیاتری رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە، ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران هۆشداریی دا لە هەر هێرشێکی زەوینی و گوتی کە ئەوە "دەبێتە هۆی مینڕێژکردنی سەرجەم رێگاکان."
 
ترەمپ رایگەیاندووە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە. ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە زەوینییەکانی رەنگە لە جەنگەکەدا بەشدار بن.
 
بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت دوای راگەیێندراوەکەی ترەمپ
 
کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، پشێویی خستووەتە بازاڕەکانی وزە و نرخی خۆراک و کاڵاکانی دیکەی زۆر زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرزکردووەتەوە. فاتیح بیرۆل، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە کە بنکەکەی لە پاریسە دەڵێت: "هیچ وڵاتێک پارێزراو نابێت لە کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە ئەگەر بەم ئاراستەیەدا بەردەوام بێت."
 
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی سەرەتای رۆژی دووشەممەدا بە بەرزی مابووەوە، بەڵام دوای راگەیێندراوەکەی ترەمپ دابەزی.
 
خۆرخێ مۆرێیرا دا سیلڤا، کە بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە، دەڵێت کە جیهان پێشوەختە کاریگەرییە لاوەکییەکانی بینیوە، لەنێویاندا "بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی نەوت، سووتەمەنی و گاز" کە کاریگەریی قووڵی لەسەر ملیۆنان کەس هەبووە، بەتایبەتی لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانی ئاسیا و ئەفریقا. ئەو گوتیشی: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە."
 
ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تاران و لوبنان
 
ئیسرائیل رۆژی دووشەممە هێرشی نوێی کردە سەر پایتەختی ئێران و رایگەیاند کە "دەستی بە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرش کردووە" بۆ سەر ئامانجەکانی ژێرخان لە تاران، بەبێ ئەوەی دەستبەجێ وردەکاری بدات. پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ دەنگی تەقینەوە لە چەندین شوێن بیسترا، بەڵام روون نەبوو چی کراوەتە ئامانج. ئیماراتیش رایگەیاند کە پاشنیوەڕۆی دووشەممە هەوڵیداوە بەرپەرچی هێرشی نوێی ئێران بداتەوە.

 

 
 
لە هەمان کاتدا ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕدایە کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، لە کاتێکدا گرووپەکە سەتان رۆکێتی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. لە چەند رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە بەیرووت و پردەکانی سەر رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە.
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان بەئامانجگرتنی پردەکانی بە "پێشەکییەک بۆ هێرشی زەوینی" ناو برد، لە کاتێکدا میسر هێرشەکانی بە "سزای بەکۆمەڵ" بۆ خەڵکی سڤیل بەهۆی کارەکانی حیزبوڵڵاوە ناوبرد و هێرشەکانی ئیسرائیلی سەرکۆنە کردن.
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان (UNIFIL) رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە باڵەخانەیەکی بارەگاکەی لە شارۆچکەی ناقوورە بە مووشەکێک کراوەتە ئامانج، کە هێزەکە پێی وایە "لەلایەن لایەنێکی نادەوڵەتییەوە تەقێندراوە"، کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ حیزبوڵڵا.
 
لەنێوان حیزبوڵڵا و هێزەکانی ئیسرائیلدا لە چەندین خاڵی سەر سنوور شەڕ روویداوە. راگەیێندراوەکەی یونیفێل دەڵێت: "لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، ئاشتیپارێزان تەقە و تەقینەوەی چڕیان لە ناوچەی ناقوورە تۆمارکردووە و گوللـە، پارچە و وردە ئاسن بەر باڵەخانە و ناوچە کراوەکانی نێو بارەگاکەمان کەوتوون."
 
بە گوتەی دەسەڵاتداران، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار کەسیان لە لوبنان کوشتووە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیشیان ئاوارە کردووە. وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاندووە کە ئاماری گیانلەدەستدان لە وڵاتەکەیان هەزار و 500 کەسی تێپەڕاندووە. لە ئیسرائیلیش 15 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە کوژراون. هەروەها لانی کەم 13 سەربازی ئەمریکی و زیاتر لە دەیان کەسی سڤیل لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان

حیزبوڵڵای لوبنان: لە 24 کاژێردا 63 هێرشمان کردوونەتە سەر ئیسرائیل

حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 63 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە. هاوکات سوپای ئیسرائیلیش برینداربوونی 7 سەربازی خۆی پشتڕاستکردەوە.