رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران و تەنیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی "رەچەلەکی خامنەیی" لەنێوببەن و ئێران بگەڕێننەوە بۆ "چاخی بەردین."
رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، کاتس لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی تووندی لە ئێران کرد و رایگەیاند، ئامانجەکان پێشوەختە دیاریکراون و سوپاکەیان ئامادەیە.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدان کە لە یەکەمین هێرشەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کوژرا. دواتر موجتەبای کوڕی، شوێنی گرتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش گومانی دروستکردووە لەسەر رەوشی تەندروستی و زیندوومانەوەی.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا: "کاتێک ئەمجارە هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە، جیاواز و کوشندە دەبن و گورزی وێرانکەری زیاتر لە هەستیارترین شوێنەکان دەوەشێنین، بەدوای ئەو گورزە زەبەلاحانەی کە رژێمی تیرۆریستیی ئێران پێشوەختە بەری کەوتووە، کە دەبنە هۆی هەژاندن و داڕمانی پایەکانی رژێمەکە."
هەڕەشەکانی کاتس دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بڕیاریدا ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 8ی نیسانەوە دەستیپێکردووە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژبکاتەوە، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ دانوستاندن لەگەڵ تاران. ئێستاش پلانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لە پاکستان لە دۆخێکی نادیاردان.
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی چەندین هەزار کەس کە زۆربەیان لە ئێران و لوبنانن، هاوکات بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ئابووریی جیهانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ