رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS George H.W. Bush) گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەمەش ژمارەی کەشتییە جەنگییە زەبەلاحانەی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتە سێ کەشتی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە بەرپرسە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی کەشتییەکەی بڵاوکردەوە کەپڕە لە فڕۆکەی جەنگی و نووسیویەتی: "رۆژی 23ـی نیسان، کەشتیی بووش لە زەریای هیندی و لەچوارچێوەی ناوچەی بەرپرسیارێتیی سێنتکۆمدا بووە."
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، رۆژی پێنجشەممە دووەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی (USS Gerald R. Ford) لە دەریای سوور لە ئەرکدا بووە، لەکاتێکدا سێیەمین کەشتی بە ناوی (USS Abraham Lincoln) هەر لە ناوچەکەدایە.
ناردنی سێیەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەکاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە ئاگربەست راگەیێندراوە بۆ راگرتنی هێرشە ئاسمانییە وێرانکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیان پێ کردبوو.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کەشتیی جێراڵد فۆرد کە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە بەشی جلشۆردنی کەشتییەکە دا لە 12ـی ئادار، بۆ چاککردنەوە رەوانەی کرواتیا کرا، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە و دەستی بە ئەرکەکانی کردووەتەوە.
کەشتیی فرۆکە هەڵگری جیراڵد فۆرد ماوەی 10 مانگە لە دەریا دایە. پێشتر بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە دەریای کاریبی کردووە، کە تێیدا هێزەکانی واشنتن هێرشیان کردە سەر بەلەمەکانی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر، دەستیان بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوەکان دا گرت و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد.
هەریەک لەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرانە بە تەنیا گەشت ناکەن، بەڵکو گرووپێکی گەورە لە کەشتیی جەنگیی پاڵپشتیکاریان لەگەڵ دایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ