رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانی شەوی دووشەممەی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە قەتەر، ئاماژەیە بەوەی کە ئێران، نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی جیهان.
رۆژی دووشەممە، 23ی حوزەیرانی 2025، ئێفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر، کە بە بنکەی عەدید ناسراوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "دەمەوێت بڵێم کە ئەمە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر دوژمنکاری و توندوتیژی و لەسەر ئەو راستییەی کە ئێران دەوڵەتێکە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویاندا دراوسێکانی و هەروەها تەواوی جیهان."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، سوپای پاسداران، بە 10 مووشەکی بالیستی ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکای کردە ئامانج و دواتر وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، سەرجەم مووشەکەکانی ئێرانیان لەرێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکاندووە و بەرپرسانی ئەمریکیش رایانگەیاندووە، کە هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا نەبووە و هیچ مووشەکێکیش بەر بنکەکە نەکەوتووە.
ئەو هێرشەی ئێران وەک وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، هات کە سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئێران لەوانەش؛ دامەزراوەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنزی کردە ئامانج و بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی زیانێکی گەورەی بەو دامەزراوانە گەیاندووە و بەرنامەی ئەتۆمی تارانیشی بۆ چەندین ساڵ پەکخستووە.
بنکەی سەربازیی عەدید، کە بە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت و نزیکەی 11 هەزار سەربازی ئەمریکی تێدا جێگیرە و بنکەیەکی سەرەکی هێزەکانی سێنتکۆمیش لەو بنکەیە هەیە، ئەمە جگە لەوەی هێزێکی گەورەی ئاسمانی سوپای ئەمریکاش لەو بنکەیە جێگیر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ