رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێكی ئەمریکی رایانگەیاندووە، کۆشکی سپی دەیەوێت ئیسرائیل هێرشە زەوینییەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە دوا بخات تاوەکو رێگە و کات بدرێت بە گفتوگۆکانی ئازادکردنی "بارمتە سڤیلەکان".
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە میدیای ئەو وڵاتەیان گوتووە: "ئیدارەی بایدن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل بەمەبەستی دواخستنی هێرشە زەوینییە چاوەڕێکراوەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە؛ ئیدارەی بایدن دەیەوێت دەرفەتی زیاتر بدرێتە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتە سڤیلەکانی ژێر دەستی حەماس".
لە 20-10-2023، حەماس دوو بارمتەی سڤیلی ئەمریکی ئازادکرد. شەوی 23-10-2023ش دوو بارمتەی ئیسرائیلی ئازادکرد، کە ئافرەت بوون. ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیززەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئازادکردنی دوو بارمتە ئیسرائیلییەکە بە نێوبژیوانی میسر و قەتەر بووە.
شازدە رۆژ بەسەر هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل تێپەڕیوە، سەرەڕای لێدوان و بەڵێنی حکومەت و سوپای ئیسرائیل بە ئەنجامدانی " هێرشی زەوینی" و لەنێوبردنی حەماس، هێشتا سوپا ئەو هێرشەی نەکردووە.
هەندێ سەرچاوەی ئیسرائیلی باس لە سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان نەتانیاهوو و گاڵانت، وزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەکەن. بە گوتەی ئەو سەرچاوانە" بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل رەخنەی تووند لە نەتانیاهوو دەگرن کە بە گوتەی ئەوان "تاکلایەنانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی سەربازی بڕیاری هێرشی زەوینی داوە" لە کاتێكدا بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای ئیسرائیل پێیانوایە هێرشی زەوینی پێویستی بە کاتی زیاتر و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری وردترە لەسەر حەماس و ئامادەکارییەکانیان لە غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ