حووسییەکان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سعودیە، ئیسرائیل و ئەمریکا سزای لەسێدارەدان بەسەر 17 کەسدا دەسەپێنن

23-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حووسییەکانی یەمەن سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 17 کەسدا سەپاندووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی ئیسرائیل، ئەمریکا، بەریتانیا و سعودیە.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی حووسییەکان، رۆژی یەکشەممە دادگەی سەنعای پایتەختی وڵاتەکە، سزای لەسێدارەدانی بەسەر 17 کەسدا سەپاندووە کە تۆمەتبار کرابوون بەوەی "تۆڕێکی سیخوڕییان لەنێو یەمەن بەڕ‌ێوەبردووە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە."
 
عەبدولباست غازی، یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەو تۆمەتبارانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "ئەوان دەتوانن داوای پێداچوونەوە بە سزاکاندا بکەن."
 
هەروەها ئەو پارێزەرە یەمەنییە دەشڵێت، تۆمەتەکان بریتین لە "پیلانگێڕی و هاوکاریکردنی وڵاتانی بیانی بۆ دژایەتیکردنی یەمەن لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا."
 
ئەو وڵاتانەی تۆمەتبار کراون بەوەی هاوکاریی ئەو تۆڕە یەمەنیەیان کردووە بریتین لە وڵاتانی سعودیە، بەریتانیا، ئەمریکا و مۆسادی ئیسرائیل.
 
ئەو 17 کەسە لەگەڵ تۆمەتبارکردنیان بە سیخوڕیکردن، تۆمەتباریش کراون بە "هاندان و یارمەتیدانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتانە بۆ بەئامانجگرتنی چەندین پێگەی سەربازی، ئەمنی، مەدەنی و کوشتنی دەیان کەس و وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی یەمەن."
 
بێجگە لەو 17 کەسەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پیاو و ژنێکی دیکەش هەریەکەیان بە 10 ساڵ زیندانی سزا دراون، کەسێکی دیکەش لەسەر هەمان کەیس دەستگیرکراوە، بەڵام بە بێتاوان دەرچووە.
 
ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک هێرشی درۆنی و مووشەکیی کردووەتە سەر پێگە و ژێرخانی حووسییەکان لەنێو یەمەن، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ هێرشی حووسییەکان بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل، کە وەکو حووسییەکان دەڵێن، وەکو هاوسۆزییەک بووە بۆ غەززەییەکان.
 
ئەم بڕیارەی حووسییەکان، لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل حووسییەکانی بە "گرووپێکی زۆر مەترسیدار" لە دژی ئیسرائیل وەسف کرد و جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتەکەی بەوپەڕی جددییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو مەترسییەدا دەکات.
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو گرووپە هێشتا هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان، سەرەڕای هێوربوونەوەی دۆخەکە و بەردەوامیی ئاگربەستی غەززە.
 
نەتەنیاهوو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، حکومەتی ئیسرائیل بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات و بەڵێنیشی داوە، هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت دژی ئەو گرووپە یەمەنیەی "لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن."
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل پێشتر هێرشی سەربازیی لە دژی پێگەی حووسییەکان کردووە و ئەو هێرشانەش "پێویست بوون بۆ پاراستنی ئیسرائیل و هاتووچۆی دەریای لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "هەروەک چۆن ئێمە بە هێز رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران بووینەتەوە، بە هەمان شێوە بە هێز و ئیرادە و کارامەیی لە دژی حووسییەکانیش دەجووڵێین."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی جەنگی دوو ساڵەی غەززە، حووسییەکانیش هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەستپێکرد و لەوکاتەوە تاوەکو ئاگربەستی غەززە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، حووسییەکان زیاتر لە 360 هێرشیان کردبووە سەر ئیسرائیل و کەشتییەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە