رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم جەنگ دا؛ ئەمریکا هێزی کۆکردووەتەوە و ئێران چاوی لە کڕینی چەکە

30 خولەک له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناخێکی چارەنووسسازدایە. لەکاتێکدا تاران و پەکین لە قۆناخی کۆتایی واژۆکردنی رێککەوتنێکی سەربازیی گەورەدان بۆ کڕینی مووشەکی "بکوژی کەشتییەکان"، واشنتن بە قەبارەیەک هێزی سەربازی لە نزیک ئێران کۆکردووەتەوە کە لەدوای جەنگی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە وێنەی نەبووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز" کە لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوکراوەتەوە، ئێران لە هەوڵی کڕینی مووشەکی کروزی دژەکەشتیی پێشکەوتووی جۆری (CM-302)ـدایە لە چین.
 
ئەم مووشەکانە کە خێراییەکەیان "سوپەرسۆنیک"ـە و دەگاتە 290 کیلۆمەتر، بەهۆی نزمیی فڕین و خێراییە زۆرەکەیان، سیستمە بەرگرییەکانی کەشتییە جەنگییەکان زۆر بە ئەستەم دەتوانن تێکیان بشکێنن.
 
دانی سیترینۆڤیچ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێ، "ئەگەر ئێران ئەم تەکنەلۆژیایەی دەستبکەوێ، هاوکێشە دەریاییەکان بەتەواوی دەگۆڕدرێن." 
 
بە گوێرەی رۆیتەرز، هاوینی رابردوو مەسعوود ئورەیی، جێگری وەزیری بەرگریی ئێران، لە سەردانێکدا بۆ پەکین رێکارەکانی ئەم رێککەوتنەی کۆتایی پێهێناوە، ئەوەش دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی رابردوو کە تاران پێویستیی خۆی بەم جۆرە چەکانە هەست پێکردووە.
 
هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆست لە رێگەی شیکردنەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتاکانی فڕین دەریخستووە، سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی کتوپڕ زیاتر لە 150 فڕۆکەی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا جێگیر کردووە.
 
ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن کە گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە 17ـی شوباتدا بێ ئەنجامێکی ئەوتۆ کۆتایی هات و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی 19ـی شوبات تەنیا 10 رۆژ مۆڵەتی دایە ئێران بۆ رێککەوتن، ئەگەرنا رووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.
 
راپۆرتەکەی واشنتن پۆست وردەکاریی زیاتر لەبارەی شوێنی جێگیربوونی فڕۆکەکان دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ئوردن زیاتر لە 60 فڕۆکەی جەنگی جێگیرکراون، کە لانیکەم 12 دانەیان لە جۆری (F-35)ـی پێشکەوتوون.
 
هاوکات لە ئەورووپاش هێزەکان چڕکراونەتەوە، بە جۆرێک فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-22 Raptor) لە بنکەی لەیکن-هیس لە بەریتانیا و ژمارەیەکی دیکەی فڕۆکەی چاودێری و جەنگی لە دوورگەی کریتی یۆنان جێگیرکراون، ئەمە جگە لەوەی ئێستا نزیكەی یەک لەسەر سێی تەواوی کەشتییە جەنگییە چالاکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆکراونەتەوە، کە گرنگترینیان هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی ئەبراهام لینکن و جێراڵد فۆردن.
 
ستێفان واتکینز، لێکۆڵەری سەربازی ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا یەک لەسەر سێی فڕۆکەکانی "ئەواکس"ی رەوانەی ناوچەکە کردووە، کە ئەرکیان فەرماندەیی و چاودێری مەیدانی جەنگە. واتکینز دەڵێت: "ئەمە دوایین پارچەی پەزڵەکەیە بەرلە دەستپێکردنی هەر هێرشێک."
 
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر فرۆشتنی چەک بە ئێران جارێکی دیکە کارا بوونەتەوە، بەڵام چین و رووسیا دژایەتی دەکەن. 
 
جگە لە مووشەکی دژەکەشتی، ئێران هەوڵدەدات سیستمی بەرگریی ئاسمانیش لە چین بکڕێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە سەربازییەی بەهۆی جەنگی ساڵی رابردووەوە لە کۆگاکانیدا دروست بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەیەکی سنووریی عێراق لەگەڵ کوێت.

میسر و ئوردن داوای دیالۆگ لە عێراق و کوێت دەکەن

تەنگژەی سنوورە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت کاردانەوەی ناوچەیی لێدەکەوێتەوە. میسر و ئوردن داوای گەڕانەوە بۆ زمانی گفتوگۆ دەکەن و سعودیەش جەخت لە ''پاراستنی سەروەریی خاکی کوێت'' دەکاتەوە. حکومەتی عێراقیش دەڵێت، بۆ هیچ وڵاتێک نییە دەستوەردانی تێدا بکات.