رووداو دیجیتاڵ
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە پەیامێکدا هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە دەدات و رایدەگەیێنێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی جووڵەی کەشتییە جەنگییەکان و ئامادەکردنی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، خەریکی سیناریۆیەکە بۆ دەستپێکردنی دەستدرێژییەکی دیکە بۆ سەر گەل و داراییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
عەسکەری ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ بە ئامانجگرتنی ئێران "لە سووریاوە دەستپێدەکات و بە هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێدەپەڕێت، ئەوەش لە چوارچێوەی رێڕەوێکی سەربازیی زەوینیدا".
بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە پەیامەکەیدا کە دووشەممە (23ـی شوباتی 2026) کە هەژماری ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە، هۆشداری دەداتە "کوردانی ناوچەکە" و داوایان لێدەکات "بە ئاقڵانە" مامەڵە بکەن و خۆیان لە هەر سەرکێشییەکی سەربازی بەدوور بگرن، کە ئامانج لێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت.
ئەبو عەلی عەسکەری، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جووڵەیەک کە ئێران و سنوورە باکوور و باکووری رۆژئاوای بکاتە ئامانج.
سەرەڕای هەوڵە دیبلۆماسییەکان، ئەمریکا بەردەوامە لە ناردنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە لە ئێران دەکات، بە داواکارییەکانی لە بارەی دۆسیەی ئەتۆمی رازی ببێت، ئەگەرنا هێرشی دەکەنە سەر.
ئەبو عەلی عەسکەری داوا دەکات هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جووڵە سەربازییانەی کە بە گوتەی ئەو، ئەمریکا دەیەوێت لە ناوچەکەدا بیانکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ