قسەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل وڵاتانی عەرەبی تووڕە دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە لێدوانێکدا گوتی، "ئیسرائیل مافی ئایینیی (تەوراتی) هەیە دەست بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرێت، لە رووباری نیلەوە لە میسر تاوەکو رووباری فوڕات لە عێراق." ئەم قسانە کاردانەوەی تووندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی لێکەوتەوە.
 
فەڵەستین: ئەمە بانگەشەیە بۆ داگیرکاری
 
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین بە تووندی قسەکانی هاکابی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەم قسانە دژی مێژوو و یاسای نێودەوڵەتین. پێچەوانەی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە کە دژی لکاندنی کەرتی رۆژئاوایە بە ئیسرائیلەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین پێیوایە، ئەو قسانەی هاکابی "هانی ئیسرائیل دەدات بۆ کوشتار و دەرکردنی خەڵک و داگیرکاریی زیاتر." داواشی لە ئیدارەی ئەمریکا کرد هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوە.
 
میسر: قسەکان پێچەوانەی پلانی ئاشتیی ترەمپن
 
میسر سەرکۆنەی قسەکانی کرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی بردن. قاهیرە دەڵێت، سەری سوڕماوە، چونکە ئەم قسانە پێچەوانەی دیدگای ترەمپ و کۆنفرانسەکەی 19ی شوباتی 2026ی واشنتنن بۆ ئاشتی. میسر جەختی کردەوە کە ئیسرائیل هیچ مافێکی بەسەر خاکە داگیرکراوەکانەوە نییە.
 
ئوردن: دەستوەردانە لە سەروەریی وڵاتان
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن قسەکانی هاکابی بە "دنەدەرانە و بێمانا" وەسف کردن و رایگەیاند، "ئەمە سووکایەتیکردنە بە سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و پێچەوانەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ژمارە 2803ی ئەنجوومەنی ئاسایشە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن دەڵێت، "تاکە رێگە بۆ ئاشتی، دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستینە."
 
هەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی
 
ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی قسەکانی بە "تووندڕۆیی" ناوبرد و گوتی ئامانج لێی رازیکردنی لایەنە تووندڕۆوەکانی ئیسرائیلە.
 
هەروەها رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، هۆشداری دا کە ئەم جۆرە قسانە تووندڕۆیی زیاد دەکەن و ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
 
هاکابی چی گوتبوو؟
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤان "تەکەر کارڵسن" رۆژی هەینی، کارڵسۆن باسی لە دەقێکی تەورات کرد، کە دەڵێت خودا بەڵێنی خاکێکی بە نەوەی ئیبراهیم داوە کە لە "نیلەوە تاوەکو فورات" درێژ دەبێتەوە. هاکابی لە وەڵامدا گوتبووی، "دڵنیا نیم تا ئەو رادەیە بڕوات، بەڵام پارچە زەوییەکی گەورە دەبێت." گوتبووشی، "ئیسرائیل ئەو خاکەیە کە خودا بە گەلێکی هەڵبژێردراوی داوە، بۆیە شتێکی پەسندکراوە ئەگەر دەست بەسەر هەموویدا بگرن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو هۆشداری دەداتە ئێران: وەڵامێکی واتان دەدەینەوە لە خەیاڵتاندا نەبێت

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەکی سەربازی ئامادەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئێران هێرش بکات، وەڵامێکی وایان دەدەنەوە "کە تەنانەت لە خەیاڵیشیاندا نەبووبێت."