رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ پێکهێنانی سیستمێکی سەربازی و سیاسی فراوان ئاشکرا کرد، بە گوتەی ئەو وەک "هاوپەیمانییەکی گشتگیر" لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەریای نێوەڕاست کاردەکات.
رۆژی یەکشەممە، 22ی شوباتی 2026، حکومەتی ئیسرائیل لە قودس - ئۆرشەلیم کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئیسرائیل لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە وڵاتانی هیندستان، وڵاتانی عەرەبی، وڵاتانی ئەفریقا و وڵاتانی دەریای نێوەڕاست وەک یۆنان و قوبرس لەخۆدەگرێت، جگە لە چەند وڵاتێکی دیکەی ئاسیا.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجی ئەم هاوپەیمانییەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە وڵاتانی بەشدار "بە یەک چاو" سەیری راستییەکان و ئاڵنگارییەکان بکەن. جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "توندڕۆکانە"، بەتایبەتی "شیعەی توندڕۆ" و "سوننەی توندڕۆ".
نەتەنیاهوو، هیندستانی وەک "هێزێکی زەبەلاح" ناوزەد کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەفتەی داهاتوو (25ی شوبات) نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، سەردانی ئیسرائیل دەکات بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە ستراتیژییە. ئەم هاوپەیمانییە تەنیا رەهەندی سەربازی نییە، بەڵکو پڕۆژەی ئابووری گەورەی وەک "راڕەوی هیندستان-رۆژهەڵاتی نێوەڕاست-ئەورووپا" (IMEC) و پڕۆژەکانی وزە لە دەریای نێوەڕاست لەخۆدەگرێت.
ئەم لێدوانانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرادا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای لاوازبوونی پێگەی ئێران لە سووریا و لوبنان، کە ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی ئەم هاوپەیمانییە نوێیەوە نەخشەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ