لوبنان باڵیۆزی ئێرانی دەرکرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەیدا دا و داوای لێکرد کە تاوەکو 29ی ئەم مانگە لوبنان بەجێبهێڵێت، هەروەها باڵیۆزی خۆشی لە تاران کشاندەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوە و رەوەندی لوبنان، بانگهێشی تۆفیق سەمەدی خۆشخوو، هەڵسووڕێنەری کاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە وڵاتەکەی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوە و رەوەندی لوبنان، عەبدولسەتار عیسا، ئەمینداری وەزارەتەکە، هەڵسووڕێنەری کاروباری ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە بەوەی محەممەد رەزا شیبانی، باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، مۆڵەتی کارکردنی لێسەندراوەتەوە و وەک "کەسێکی نەخوازراو" لە لوبنان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی لوبنان تاوەکو 29ی ئاداری دیاریکردووە وەک دوایین مۆڵەت بۆ ئەوەی باڵیۆزی ئێران لوبنان بەجێبهێڵێت.
 
بڕیارێکی دیکەی وەزارەتی لوبنان ئەوە بوو کە ئەحمەد سوەیدان، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە کۆماری ئیسلامی، بانگهێشت بکاتەوە.
 
ئەو وەزارەتە هۆکاری ئەو هەنگاوانەی بەستووەتەوە بە پێشێلکردنی عورفە دیپلۆماسییەکان لەلایەن ئێرانەوە.
 
رێکارەکەی وەزارەتی دەرەوە و رەوەندی لوبنان لەدژی ئێران، پەیوەندیی بە پاڵپشتیکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانییەوە هەیە، کە ئێستا هەردووکیان لە جەنگدان لەگەڵ ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە