سعودیە بنکەیەکی ئاسمانی بۆ لێدان لە ئێران رادەستی ئەمریکا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نووسەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، ریاز بنکەیەکی گرنگی ئاسمانیی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رادەستی ئەمریکا کردووە و ئیماراتیش دەستی بە بڕینی سەرچاوە دارایی و نفووزەکانی تاران کردووە.
 
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعودیە رەزامەندیی نیشانداوە سوپای ئەمریکا بنکەی ئاسمانیی "شا فەهد" بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بەکاربهێنێت.
 
ئەم بڕیارە وەک "پاشەکشەیەکی ئاشکرا"ی ریاز لە هەڵوێستەکانی پێشووی دەبینرێت، چونکە سعودیە پێشتر چەندینجار جەختی کردبووەوە کە رێگە نادات بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێن.
 
 
لەگەڵ هەڵوێستەکەی سعودیە، ئیماراتیش دەستی بە رێکاری تووند دژی دامەزراوەکانی ئێران کردووە. ئەبووزەبی بڕیاریداوە نەخۆشخانە و یانەیەکی گەورەی سەر بە ئێران لە وڵاتەکەیدا دابخات.
 
ئەو ناوەندانە کە پێشتر وەک سەرچاوەی گرنگی پشتیوانی، داهات و هەژموونی تاران لە ناوچەی کەنداو دەبینران، داخستنیان بە گورزێکی دیکەی لۆجستی و دارایی بۆ سەر تواناکانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی دادەنرێت.
 
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم هەنگاوانەی سعودیە و ئیمارات، ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناخی "بێلایەنی" ئەو دوو وڵاتە و نزیکبوونەوەی تەواوەتییان لە بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئیفلیجکردنی تواناکانی تاران لە ناوچەکەدا.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە