رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە. ئەم هێرشە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو واشنتن گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی کردووە، هەرچەندە تاران ئەو هەواڵەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 24-03-2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکە بە ئاراستەی ناوچەکانی باکوور بووە و سیستمە بەرگرییەکان "خەریکی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکە بوون." دەزگەی فریاکەوتی ماگن دەیڤد ئادۆم جەختی کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری رەوانەی ناوچەیەک کراون کە باس لە کەوتنەخوارەوەی تەنێکی نامۆ دەکرێت تێیدا.
نزیکەی 20 خولەک دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل رێگەی بە هاووڵاتیان دا کە لە پەناگەکان بێنە دەرەوە، ئەمەش نیشانەی کۆتاییهاتنی مەترسییەکەیە لەو ناوچانە.
ئەم پێشهاتە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ جموجووڵە دیپلۆماسییەکان. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆی کردووە.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی ئەمریکا بڕوای وایە دەکرێت ئەو "دەستکەوتە سەربازییانەی" ئەمریکا و ئیسرائیل لەم جەنگەدا بەدەستیان هێناوە، بگۆڕدرێن بۆ رێککەوتنێکی سیاسی کە بەرژەوەندی و ئاسایشی ئیسرائیل بپارێزێت.
تاران تاوەکو ئێستا هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ رەتکردووەتەوە و هێرشە مووشەکییەکانی بەردەوامن، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا جەخت لە سەر لاوازبوونی توانای سەربازیی ئێران دەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ