رووداو دیجیتاڵ
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار؛ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ رابگرێت، هەزاران سەربازی مارێنزی ئەمریکی بەرەو ناوچەکە بەڕێوەن و ئامارە سەربازییەکانیش قەبارەی وێرانکارییەکان ئاشکرا دەکەن.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی 27-03-2026، هەزاران سەربازی مارێنز بگەنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێک لەو رۆژەی کە ترەمپ وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ئێران دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
بەپێی زانیارییەکان، کەشتیی هێرشبەری (USS Tripoli) و کەشتیی (USS New Orleans) پێکەوە لەگەڵ 2,200 سەربازی یەکەی 31ـی مارێنز، دەچنە ناو سنووری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). هەروەها پێنتاگۆن فەرمانی بە یەکەیەکی دیکەی مارێنز (یەکەی 11) کردووە کە لە سەر کەشتیی (USS Boxer) لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ دوادەخات، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 10٪ دابەزی.
ترەمپ ئەم هەنگاوەی بۆ هەبوونی "گفتوگۆی بەرهەمدار" لەگەڵ ئێران گەڕاندەوە و لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ کردووە هەموو هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران رابگرن."
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامارێکی نوێی بڵاوکردەوە و گوتی، هێزە ئەمریکییەکان زیاتر لە نۆ هەزار ئامانجیان لە ناو ئێران پێکاوە. زیاتر لە 140 کەشتی و بەلەمی جەنگیی ئێران تێکشکێندراون یان زیانیان بەرکەوتووە. زیاتر لە 9,000 گەشتی جەنگی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا کراون.
سێنتکۆم دەڵێ، سەرنجی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە مووشەکییەکان، کۆگە ژێرزەمینییەکان و کەشتییە جەنگییەکان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ