سوپای ئیسرائیل: بارەگایەکی سەرەکیی سوپای پاسدارانمان لەنێو جەرگەی تاران بۆردوومان کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بارەگایەکی سەرەکیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەنێو جەرگەی تاران بۆردوومان کردووە، کە لەنێو ژێرخانێکی مەدەنیدا جێگیر کرابوو.  میدیاکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن، کە ئیسرائیل شوێنی مەدەنی کردووەتە ئامانج.
 
شەوی دووشەممە، 23-3-2026، ئیلا واوییە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی شەپۆلێکی هێرشەکانمان بۆ سەر تاران، فڕۆکە جەنگییەکانمان بە رێنوێنیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، بارەگای ئاسایشی ناوەندیی سوپای پاسدارانیان بۆردوومان کردووە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەم بارەگایە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ هاوئاهەنگیی ئەو یەکە ناوچەییانە بەکارهاتووە کە بەرپرسن لە "سەپاندنی رێکارە ئەمنییە ناوخۆییەکان". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "سیستەمی تاران" لە رێگەی ئەم بارەگایەوە فەرماندەیی کەتیبەکانی هێزی "بەسیج"ی کردووە.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە پێش هێرشەکە، چەندین رێکار گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی سڤیل نەگات، لەوانەش "بەکارهێنانی تەقەمەنیی ورد و چاودێریی ئاسمانیی بەردەوام و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی زیاتر."
 
بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، کە بەشێک لەو شوێنانەی ئیسرائیل بۆردوومانی کردوون. شوێنی سڤیلن. ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای تاران لە سەرەتای جەنگەوە 430 شوێنی تاران کراونەتە ئامانج، بەو هۆیەوە 636 کەس گیانیان لە دەستداوە و 6,484 کەسیش بریندار بوونە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە