رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەفنانوڵا خان، سیناتۆری پاکستان، تیشکی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئیسلامئاباد لە ئێستادا رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت و هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە جەنگ بەردەوامن.
سیناتۆر ئەفنانوڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرێکی زۆر هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا، شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بگەنە ئیسلامئاباد. گوتیشی: "هێشتا بۆشایی و کێشەی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی تەنگەی هورمز، پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و سزاکانی ئەمریکا؛ بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو بۆشاییانە پڕ بکەینەوە تاوەکو گفتوگۆی راستەوخۆ دەست پێ بکات."
بۆچی پاکستان؟
سەبارەت بە پێگەی وڵاتەکەی وەک شوێنێکی گونجاو بۆ گفتوگۆ، سیناتۆرەکە رایگەیاند کە بوونی چەکی ئەتۆمی، سوپایەکی بەهێز، و پەیوەندییە مێژووییەکانی پاکستان لەگەڵ چین، ئێران و تەنانەت سعودیەش، وڵاتەکەی کردووەتە "یاریزانێکی کاریگەر" لە ناوچەکەدا. جەختیشی کردەوە کە پاکستان نایەوێت جەنگێک لەسەر سنوورەکانی رووبدات، چونکە ئەزموونی جەنگی ئەفغانستانیان هەیە و نایانەوێت ئێران پارچەپارچە بێت یان تووشی شەڕی ناوخۆ ببێت.
هاوسەنگی لە نێوان ئێران و سعودیە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان و چۆنیەتی پاراستنی هاوسەنگی، ئەفنانوڵا خان گوتی: "ئێمە رێککەوتنی ستراتیژیی ئاسایشمان لەگەڵ سعودیە هەیە و پێوەی پابەندین، لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئێران هەیە و پێمان راگەیاندوون کە نامانەوێت وڵاتانی موسڵمان لەگەڵ یەکدی شەڕ بکەن."
داهاتووی پاکستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سیناتۆرەکە بە گەشبینییەوە باسی لە داهاتووی وڵاتەکەی کرد و گوتی کە پاکستان لە هێزێکی هەرێمییەوە بەرەو بوون بە "هێزێکی جیهانی" هەنگاو دەنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی دانیشتووانی پاکستان گەیشتووەتە 250 ملیۆن کەس و ئەمەش لە پاڵ پێگە جوگرافی و ئایینییەکەیدا، رۆڵێکی سەرەکی لە جیهانی ئیسلامی و نێودەوڵەتیدا پێ دەبەخشێت.
ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم رێککەوتن
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو سیناتۆرە پاکستانییە باسی لەوە کرد کە گەورەترین کێشە لە ئێستادا سووربوونی ئێرانییەکانە لەسەر لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و رەتکردنەوەی واشنتن بۆ ئەو داواکارییە، بەڵام ئیسلامئاباد بەردەوامە لە گۆڕینەوەی پەیامەکان بەو ئاراستەیەی کە هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ