رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکراوەتەوە؛ ئەمەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکی لوبنانی و ئیسرائیلی.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی راگەیاند و گوتی: "پێموایە هەلێکی زۆر باش بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەیە و دەبێت کارێکی ئاسان بێت."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵای لوبنان بەشێک نییە لە گفتوگۆکانی واشنتن و هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن.
ئەمە دووەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی نێوان نادیە حەمادە، باڵیۆزی لوبنان و یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل بوو لە کۆشکی سپی دوای سێ دەیە لە پچڕانی پەیوەندییەکان. هەروەها دووەم گەڕى دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای ساڵی 1993ـەوە، پێشتر هەموو پەیوەندییەکان ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی هێزى ئاشتیپارێزى نەتەوەیەکگرتووەکان لە لوبنان (یونێفێڵ)ەوە بوون.
جدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی نێوان هەردوو وڵات تەنیا "حیزبوڵڵا"یە و داوای لە حکومەتی لوبنان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ داماڵینی چەکی ئەو گرووپە.
ساعر ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل دەیەوێ "ناوچەیەکی دابڕیندراو" بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە خاکی لوبناندا دروست بکات تاوەکو رێگری لە هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر وڵاتەکەى بگرێت.
سەرەڕای ئاگربەست، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر یەکدی. وەفیق سەفا، بەرپرسی باڵای مەکتەبی سیاسیی حیزبوڵڵا بە ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"ی راگەیاند، گرووپەکەیان پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابێت.
لە دەستپێکی جەنگی لوبنان لە 2ی ئاداری 2026ەوە، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیل نزیکەی 2,300 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیی ئاوارە بوون کە دەکاتە 20%ـی دانیشتووانى ئەم وڵاتە. سوپای ئیسرائیل ناوچەیەکی سنووریی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ