رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەکاری پێویستی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکان.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئیسرائیل ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران و ئامانجەکانیش دیاریکراون".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت، "ئێمە چاوەڕێی گڵۆپی سەوز لە ئەمریکا دەکەین، بەر لە هەر شتێک بۆ تەواوکردنی لەناوبردنی بنەماڵەی خامنەیی، کە داڕێژەری پلانی قڕکردنی ئیسرائیلن و هەروەها لەناوبردنی جێگرەوەکانی سەرکردایەتیی" ئێران.
رۆژی 28ی شوبات، واشنتن و تەلئەڤیڤ هێرشیانکردە سەر تاران و ئەویش بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە. رۆژی 8ی نیسان، ئەمریکا لەسەر پێشنیازی پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند و رۆژی سێشەممەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستەکەی بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە.
لە دەستپێکی جەنگەکەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل کوشتنی زیاتر لە 50 سەرکردەی باڵای ئێرانیان راگەیاندووە و زۆرینەشیان پشتڕاستکراونەتەوە؛ دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێرانە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "کاتێک ئەمجارە هێرشەکە دەستپێدەکاتەوە، جیاواز و کوشندە دەبێت و گورزی وێرانکەر لە پڕئازارترین شوێنەکان زیاد دەکات، ئەوەش دوای ئەو گورزە گەورە و بەهێزانەی کە رژێمی تێرۆریستیی ئێران تاوەکو ئێستا بەریکەوتووە، کە بنەماکانی دەهەژێنێت و دەیروخێنێت."
رۆژانی 11 و 12ی نیسان، شاندی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دانوستاندنیان کرد و بڕیاربوو هەفتەی رابردووش کۆببنەوە بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا.
رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو رۆژی هەینی هەواڵی دڵخۆشکەر بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ