ترەمپ: نامەوێت گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران ببینم

24-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، خوازیاری گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران نییە، چونکە شتێکی لەو جۆرە دەبێتەهۆی دروستبوونی پشێوی و ئاڵۆزی. 
 
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند: "بەدوای گۆڕینی دەسەڵاتەوە نیم لە ئێران، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی." 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، خوازیارە "دۆخەکە بە تەواوی هێوربێتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەر شێوەیەک بێت "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." 
 
لەبارەی لێدوانەکەی ئەمڕۆی تایبەت بە ئیسرائیل و ئێران و تۆمەتبارکردنی هەردوو وڵات بە پێشێلکردنی ئاگربەست، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێم وابێت چەند خولەکێک دوای ئاگربەست، مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل هاوێژرا، بەڵام بەر هیچ شوێنێک نەکەوت و ئیسرائیل بەدوای وەڵامدانەوە دەگەڕا. ئیسرائیلیم ئاگادارکردەوە کە فڕۆکەکانی بگەڕێنێتەوە و پێم گوتن، ئیدی بەسە. ئەوانیش فڕۆکەکانیان گەڕاندنەوە و رێزم بۆیان هەیە." 
 
لە چەند رۆژی رابردوویشدا بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار رایانگەیاند، نایانەوێ دەسەڵات لە ئێران بگۆڕن و ئەوەی مەبەستیانە ئەوەیە کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. 
 
رۆڵی ئەمریکاش لە جەنگەکەدا بەشێوەیەکی دیار و روون بریتی بوو لە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکە و مووشەکەوە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە