رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ ئاگربەستێکی 60 رۆژە لە کەرتی غەززە داوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە دوو هەفتە لە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە قەتەر، کە هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاویکردەوە، رایگەیاند "هەر ئێستا وەڵامی خۆمان و لایەنە فەڵەستینییەکانمان سەبارەت بە پێشنیازی ئاگربەست پێشکێشی نێوەندگیرەکان کردووە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا، لە وەڵامەکەدا، حەماس پێشنیازیی گۆڕانکاریی لەو خاڵانە کردووە کە ئەمریکا لە رێگەی ستیف ویتکۆف، نێردەی واشنتن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشنیازی کردووە، بەتایبەتی لە بڕگەکانی تایبەت بە گەیاندنی هاوکارییەکان، نەخشەی ئەو ناوچانەی کە دەبێت سوپای ئیسرائیل لێیان بکشێتەوە و هەروەها گەرەنتیدان بەوەی دوای ئەو 60 رۆژە، شەڕ کۆتایی بێت.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، شاندی حەماس و ئیسرائیل لە دۆحە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا دانوستاندنیان کردووە وەکو هەوڵێکی نوێ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست کە ئازادکردنی بارمتەکان لەخۆبگرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی دانوستاندنەکان بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام بوو، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات و هەردوولا یەکدیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە داواکارییە سەرەکییەکانیانی نێو پێشنیازەکە پاشگەز بوونەتەوە.
بۆ ئیسرائیل، هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکان و حکومڕانیی حەماس شتێکە کە دانوستاندنی لەسەر ناکات، لە کاتێکدا حەماس داوای گەرەنتیی دەکات بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بەردەوام، لەگەڵ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ناردنی بێ پچڕانی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو غەززە.
دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگرە لەبەردەم دانوستاندنەکان.
مێنسەر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی قەتەر و پێشنیازە نوێیەکەی ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رازی بووە، بەڵام حەماس رەتیکردووەتەوە."
هەروەها گوتیشی، "تیمی دانوستاندکاری ئیسرائیل هێشتا لە دۆحەیە و دانوستانەکان بەردەوامن".
لەلایەکی دیکەوە، ویتکۆف لە واشنتن رایگەیاند، بەنیازە ئەم هەفتەیە سەردانی ئەورووپا بکات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەستێک و کردنەوەی رێڕەوێکی گەیاندنی هاوکارییەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە، زیاتر لە 100 رێکخراوی مرۆیی هۆشدارییان دا کە "برسێتیی بەکۆمەڵ" لە غەززە بڵاوبووەتەوە.
لای خۆشیانەوە، چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی رۆژی پێنجشەممە، بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، حەماس وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستەکەی داوەتەوە و ئیسرائیلیش تاوتوێی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ