رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی عێراق لە سعودیە رایگەیاند، ئامادەکاری دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەردەوامە بۆ سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمنزیکانە بۆ سعودیە.
قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە سعودییە، رایگەیاند "چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقین بەمنزیکانە بۆ شانشینی سعودییە، بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێکێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە".
قەحتان جەنابی بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە، باڵیۆزخانەی عێراق لە ریاز لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بۆ دیاریکردنی وادەی سەردانەکەی کازمی، چونکە هەردوولا سوورن لەسەر سەرکەوتنی ئەو سەردانە و پێشخستنی پەیوەندییەکانیان، کە هەردوولا دەیانەوێ بەهێز و ستراتیژی بن.
بەپێی گوتەی باڵیۆزی عێراق لە ریاز، سعودیە دەیەوێ وەبەرهێنان لە عێراق بکات، بەتایبەت لە کەرتی وزە، چونکە عێراق و سعودیە دوو گەورە هەناردەکاری نەوتن لە ئۆپێک و گەورەترین یەدەگی نەوتیان هەیە لە جیهان، هاوکات عێراق دەیەوێ گەورەترین دەروازەی سنووری لەگەڵ سعودیە بکاتەوە.
هەرچەندە بڕیاربوو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 20ـی تەمووزی رابردوو سەردانی سعودیە بکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی شا سەلمان، شای سعودییە سەردانەکە دواخراو بۆ رۆژی دواتر کازمی بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتەکەی سەردانی ئێرانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ