رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، کە بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کەرتی غەززە، لوبنان و سووریا پابەندن؛ جەختیشیان لەوە کردەوە ئیسرائیل نەک تەنیا لە ناوچەکە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا پێگەی خۆی وەک زلهێزێک چەسپاندووە.
رۆژی چوارشەممە 24-12-2025، بنیامین نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا بۆ سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی ئاسمانیی (خاتزەریم) لە باشووری ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە خۆمان وەک زلهێزێکی ناوچەیی و لە هەندێک بواردا وەک زلهێزێکی جیهانی جێگیر کردووە؛ ئەمەش وای کردووە لە چەندین وڵاتی دیکە نزیک ببینەوە."
نەتەنیاهوو جەختی لە پێویستیی داماڵینی چەک لە حەماس و حیزبوڵڵا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆش رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. نەتەنیاهوو گوتی: "ئەوان بە ئاشکرا رایدەگەیێنن کە نیازی چەکدانانیان نییە، ئەمەش بە تەواوی دژی پلانی 20 خاڵییەکەی سەرۆک ترەمپە، بۆیە ئێمەش بەو پێیە وەڵاممان دەبێت."
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ستایشی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد و بە "بەردی بناخەی ئازادیی سەربازیی ئیسرائیل" لە ئێستا و داهاتوودا وەسفی کرد.
وەزیری بەرگری دووپاتی کردەوە، کە سوپای ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک لە "چیاکانی هێرمۆن (جەبەل شێخ) و ناوچەی ئەمنی" لە ناو خاکی سووریا ناکشێتەوە". کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان کار لەگەڵ حکومەتی لوبنان دەکەن بۆ دوورخستنەوەی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە و جەختی کردەوە: "رێگە نادەین دانیشتووانی باکوور رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی رووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە و گوتی: "هەر کەسێک دەست لە دژی سەربازانی ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبێتەوە"
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەرچەندە ئیسرائیل رێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا واژۆ کردووە، بەڵام جاروبار هێرشی سەربازی دەکات و دەڵێت "ژێرخانی تیرۆریستان" دەکەنە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ