رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لە کەنداو دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە، کە "بڕێکی زۆر سووتەمەنیی قاچاخی بار کردبوو و تەواوی ستافەکەی بیانی بوون."
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، کەشتییەکە "4 ملیۆن لیتر سووتەمەنیی قاچاخی گواستووەتەوە" و 16 سەرنشینی تێدابووە.
ژەنەراڵ عەبباس غوڵامشاهی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، رایگەیاند: "هێزەکانمان کاتێک چوونەتە سەر کەشتییەکە کە خەریک بوو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئێران جێدەهێشت."
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی سوپای پاسداران ئاشکرای نەکردووە ئەو کەشتییە ئاڵای چ وڵاتێکی هەڵکردووە، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە، سەرجەم ئەندامانی سەر کەشتییەکە ناسنامەیان ئێرانی نییە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرت لە دەریای عومان کە 18 سەرنشینی هیندستانی، سریلانکی و بەنگلادیشـی تێدا بوو.
ئەم هەنگاوانەی تاران دوای ئەوە دێن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت، کە بەگوێرەی واشنتن نەوتی ڤەنزوێلا و ئێرانی گواستووەتەوە؛ ئەمەش پێشێلکردنی ئەو سزایانەیە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ساڵی 2022ـەوە بەسەر کاراکاسدا سەپاندوویەتی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ