رووداو - هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەتیکردەوە وڵاتەکەی پلانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ سووریا هەبێت و رایگەیاند، تەنیا لەسەر ئاستی هەواڵگرییەکان دیدار و کۆبوونەوە هەیە.
ئیبراهیم کاڵن لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ میدیای تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەنقەرە-دیمەشق رایگەیاند، تورکیا پلانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا نییە. هەڵوێستی تورکیا روون و ئاشکرایە، پرۆسەی ئاستانە بەردەوامە و کارەکانی داڕشتنی دەستووری نوێ بۆ سووریا بەهەمانشێوە بەردەوامە.
کاڵن راشیگەیاند، پەیوەندییەکان تەنیا لەسەر ئاستی دەزگاکانی هەواڵگریی نێوان هەردوو وڵاتدایە و لەسەر ئەم ئاستە دیدار و کۆبوونەوە هەن.
رۆژی 14ی ئەیلوولی 2022، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا لەبارەی مەرجێکی بەشار ئەسەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ ئەنقەرە کە بەمشێوەیە پرسیاری کردبوو "ئەسەد گوتوویەتی: 'بەمەرجی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریادا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە ئاسایی دەکەینەوە'. چۆن هەڵسەنگاندنی مەرجی بەشار ئەسەد دەکەن؟" گوتی: "ئەمە هەڵوێستێکی راست و لۆژیک نییە. ئەمڕۆ تورکیا بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی بدات، رژێم توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانەی نابێت. رێکخراوە تیرۆریستییەکان کۆنترۆڵی دەکەن و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنن. ئەمە بۆ ئێمە و بۆ رژێمیش ریسک و مەترسییە. لە راستیدا مەترسییەکە بۆ سووریا گەورەترە، بۆ ئێمەش مەترسییە، چونکە رووبەڕووی شەپۆڵێکی زۆر فراوانی دیکەی کۆچ دەبینەوە".
لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسیی بۆ لکاندنی چەند هەرێمێکی ئۆکراینا بۆ سەر خاکی رووسیا، ئیبراهیم کاڵن هەڵوێستیی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "پێشتر لەبارەی لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمیا هەڵوێستمان چۆن بوو، ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە. تورکیا گشتپرسی لکاندنی ئەم هەرێمانە بۆ سەر خاکی رووسیا دان پێدانانێت و نایناسێت. ئێمە دان بەسەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دەنێین و داوامان لە رووسیا کردووە رێز لە سەروەریی خاکی ئەم وڵاتە بگرێت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راشیگەیاند: "لەم جەنگەدا ئێمە پشتیوانی ئۆکراینا دەکەین. هاوکات تورکیا تاکە وڵاتە هەوڵی راگرتن و کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەدات. لە دەستپێکی ئەم جەنگەدا ئێمە رامانگەیاند، جەنگێکی خوێناوی و درێژخایەن دەبێت و کاریگەری راستەوخۆی بەسەر هەموو جیهان دەبێت. پێشبینییەکانمان راست دەرچوو، ئەم جەنگە درێژە دەخایێنێت".
لەبارەی گۆڕینی سەربازە دیلەکانی رووسیا و ئۆکراینا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرایکرد، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئەو دوو وڵاتە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) ئەنجامدراوە و راشیگەیاند: "نزیکەی دوو مانگ میت سەرقاڵی سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بووە. هەردوولا جەختیان لەسەر ژمارەیەک ناوی دیاریکراو کرد کە فەرماندەی سەربازیش لەنێویاندابووە. ئۆکراینا داوای پێنج ناوی لە رووسیا کردبوو، ئەم ناوانە ئێستا لە تورکیا پارێزراون. بەهەمانشێوە ناوێکی دیکەش هەبوو سەرۆکی رووسیا پێداگری لەسەر دەکرد، ئەویش دەزگای میت رادەستی مۆسکۆ-ی کردەوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پرۆسەی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا لەژێر سەرپەرشتیی تورکیا و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە و بەپێی ئەو پلانە هاوبەشەی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان دایانڕشتووە، کارەکان درێژەی پێ دەدرێت و "بەمنزیکانە دەست بە گواستنەوەی دانەوێڵە و بەروبوومەکانی رووسیاش دەکەین."
رۆژی 23ی ئەیلوولی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئاڵوگۆڕی سەربازە دیلەکانی رووسیا و ئۆکراینا گوتبووی: "یەکێک لەو پرسانەی ئێمە پێداگریمان لەسەری کرد، گۆڕینەوەی دیلەکان بووە. هەردوو وڵات جەختیان لە 200 ناو کردەوە، تەواوی ئەو 200 کەسە لای ئێمە میوانن. یەکێک لەوانە ناوێک بوو کە بەڕێز پووتین پێداگریی لێدەکرد. ئێمە ئەو کەسەشمان ناردەوە بۆ رووسیا. بەمەش نەوەستاوین، سوورین لە بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە و خاوەنداریی لە میوانەکانمان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ