رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماری رایدەگەیێنێت، چەندین کەسی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ ئامۆژگاریی دەکەن هێرش نەکاتە سەر ئێران. گراهام داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە گوێ بەو ئامۆژگارییانە نەدات و بڕیاری هێرش بدات.
لە کاتێکدا دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر و سەتان فڕۆکەی جەنگی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە ئامادە دەکەن، راوێژکارە باڵاکانی ترەمپ بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. پێشنیازی سەربازیی جۆراوجۆری پێشکەش کراوە کە بژاردەی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و کوڕەکەشی لەخۆدەگرێت.
تیمەکەی ترەمپ هەندێک نەرمی لە دانوستاندنەکانی ئێراندا نیشان داوە. بەرپرسێکی باڵا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئەمریکا پێشنیازێکی ئێران تاوتوێ دەکات. پێشنیازەکە رێگە بە پیتاندنی کەمێک یۆرانیۆم دەدات، ئەگەر ئەمە وابکات ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
لیندزی گراهام خۆی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ترەمپ دا هەیە، سەرمەشقی ئەو کەسە نزیکانەی ترەمپە کە داکۆکی لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکەن. گراهام سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل، ئیمارات و سعودیە تاوتوێی پرسی ئێرانی کرد.
گراهام بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، لە نیگەرانیی ئەو کەسانە تێدەگات کە نایانەوێت ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، بەڵام دەڵێت، ئەو کەسانەی لە دژی هێرشی سەر ئێران ئامۆژگاری ترەمپ دەکەن، "وادیارە گوێ بە لێکەوتەکانی وازهێنان لە شەڕەنگێزی [ئێران] نادەن."
گراهام گوتیشی، دوای گەشتەکەی ئەم دواییەی بۆ ناوچەکە، بۆی روون بووەتەوە کە دەرفەتێک هەیە "بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی مێژوویی" لە ئێران.
گراهام دەڵێت: "رێزێکی زۆرم بۆ سەرۆک ترەمپ هەیە. ئەو کەسێکی ئازادە. وەک هەموو سەرۆکەکان، ئەویش بەرپرسیار دەبێت لە بڕیارەکانی لەسەر ئەم بابەتە قورسانە. سەبارەت بە منیش، مێژوو زۆر روون دەبێت لەسەر ئەوەی من لە کوێ وەستام، چ باش بێت یان خراپ."
هەندێک لە راوێژکارانی ترەمپ داوای لێدەکەن کە لە هێرش دوور بکەوێتەوە و بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی هەڕەشەی سەربازی بۆ بەدەستهێنانی سازش. هەروەها هەندێک لە راوێژکار و بەرپرسە نزیکەکانی ترەمپ گومانیان هەیە لە سەرکەوتنی هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ گۆڕینی حکومەتی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ