رووداو دیجیتاڵ
ئەگەرچی لە ئەمڕۆوە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل لە ئاسمانەوە هەزاران پارچە کاخەزی بۆ دانیشتووانی غەززە فڕێدایە خوارەوە و لەسەریان نووسراوە، "شەڕ کۆتایی نەهاتووە".
لەسەر کاخەزەکان بەدیاریکراوی نووسراوە، "بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە، شەڕەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئەمە تەنیا وەستانێكی کاتیی شەڕەکەیە، بەشی باکووری غەززە ناوچەیەکی مەترسیدارە، لە باکوورەوە بۆتان هەیە بچنە باشوور، بەڵام پێچەوانەکەی ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە".
ئاگربەستەکە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکاوە کراوە.
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە بە نێوەندگیری قەتەر و هاوبەشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانی کراوە. رێککەوتنەکە لە کاژێر 07:00 لە رۆژی 24ی تشرینی دووەمدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاژێر 16:00ی هەمان رۆژ یەکەمین کاروانی بارمتەکان کە 13 ژن و منداڵن لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن؛ بە درێژایی چوار رۆژی ئاگربەستەکە، 50 کەس ئازاد دەکرێن".
کەسوکاری بارمتەکان کە بە یەکێك لە کارتەکانی گوشاری سەر کابینەی جەنگی نەتانیاهوو دادەنرێن، بە خۆشی و نیگەرانییەوە پێشوازییان لە ئاگربەستەکە کرد.
ئیلەی دەیڤید، برای بارمتەیەکی ئیسرائیلیە و ئاماژە بەوە دەکات، "هەستەکانمان تێکەڵن، لە لایەک دڵمان خۆشە بە گەڕانەوەی هەر بارمتەیەک بۆ نێو خێزانەکەی؛ لە لایەکی دیکەوە ترس و نیگەرانیمان هەیە بۆ بارمتەکانی دیکە کە نازانین چییان بەسەر هاتووە و چییان بەسەر دێت، هیوادارین ئەم ئاگربەستە ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ شتێكی گەورەتر".
لە بەرامبەر بارمتە ئیسرائیلییەکان، ئیسرائیل 150 ژن و منداڵی فەلەستینی ئازاد دەکات.
حەماس دەڵێت سەروو نۆ هەزار دەستگیرکراوی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلن.
لەلایەکی دیکە، لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە، هەر خێوەتێك کە لە بنچینەدا بۆ شەش کەس تەرخانکراوە، سەروو 20 کەسی تێدایە. ئاو، کارەبا، خۆراک و سووتەمەنی هەمووی لە قەیراندایە و سەرما 7 پلەی سیلیزییە. خەڵکەکە ترسیان لە قۆناخی دوای ئاگربەستەکەیە.
نیڤین کافارنا، دانیشتووی غەززەیە و دەڵێت، "بە درێژایی رۆژ بە دەست بچووکترین شتەوە دەناڵێنین، هەزاران کەس لە شوێنێکی بچووک گیرمان خواردووە و نازانین تاکەی بەردەوام دەبێت، ئاگربەستەکە باشە بەڵام نازانین دوای کۆتایی هاتنی، ئیسرائیل بە نیازی چییە؟".
دەستپێکردنەوەی شەڕەکە و کۆتاییهێنان بە حەماس بەڵێنێکە نەتانیاهوو لە یەکەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیرە نوێیەکەی دەرەوەی بەریتانیا، جەختی لێکردەوە.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیای گوت، "سوپاس دەیڤد بۆ هاتن و وەستانتان لەگەڵ ئیسرائیل. ئێمە پابەندین بە رزگارکردنی هەموو بارمتەکان، بەڵام بەردەوامیش دەبین لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانمان کە بریتییە لە لەنێوبردنی هەمیشەیی حەماس، ئەگەر حەماس لەنێو نەبرێت ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەب هەرگیز ناکرێت".
ئیسرائیل وەک سوپاکەی دەڵێت؛ ئامادەی وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ و کشانەوە لە بەشی باکووری غەززە نییە, بەڵام هاوکات ئامادەیی دەربڕیوە بۆ زیاتر درێژەدان بە ئاگربەستەکە لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتری بارمەتەکان؛ پێشنیازێكە تائێستا حەماس بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە و ناشزانرێت قۆناخی دوای ئاگربەستەکە چی و چۆن دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ