رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی فەلەستین پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی دەوڵەتی کوێت لەسەر تەواوی خاک و ئاوەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی عێراق نەخشە و پۆتانی نوێی سنووری دەریایی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد و کوێت بە "بەزاندنی سەروەرییەکەی" وەسفی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین رایگەیاند، بە بایەخەوە چاودێریی لێکەوتەکانی تۆمارکردنی پۆتان و نەخشەی ناوچە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. فەلەستین جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (ساڵی 1982) کردەوە.
رۆژی سێشەممە (24ـی شوباتی 2026)، حکومەتی کوێت بە فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایەتی رادەستی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتەکەی کرد. کوێت دەڵێت ئەو نەخشەیەی عێراق تۆماری کردووە، "دەستوەردان و بەزاندنی سەروەریی کوێتە لە ناوچە ئاوییەکانیدا."
وەزارەتی دەرەوەی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە، ناوچەکانی وەک (فەشتولقەید و فەشتولعەیج) "هیچ کاتێک جێگەی ناکۆکی نەبوون و بەشێکی دانەبڕاون لە سەروەریی تەواوی دەوڵەتی کوێت." داواشی لە بەغدا کردووە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکات.
لە بەرامبەردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە تۆمارکردنی نەخشەی بوارە دەریاییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان "کارێکی سەروەرییە" و بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، بڕیاری ژمارە 266ـی ساڵی 2025ـی حکومەتی عێراق، بۆ کۆکردنەوەی هەموو رێکارە یاساییە کۆن و نوێیەکان بووە لە یەک بەڵگەنامەدا کە پشت بە پۆوتانی ورد دەبەستێت. بەغدا دەڵێت ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی مافە دەریاییەکانی عێراقە و "هیچ وڵاتێک بۆی نییە دەستوەردان لە بڕیارە سەروەرییەکانی عێراقدا بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ