رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا دەڵێت، لە دڵی گەلی ئێراندا، جگە لە ئومێد و سووربوون لەسەر جەنگ، هیچ شتێکی دیکە نییە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا پەیامێکی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل نارد و رایگەیاند: "هەرچەندە ئێوە لە درێژەکێشانی جەنگ رادەکەن، خۆڕاگریی گەلەکەمان و هێزی هێزە چەکدارەکانمان، سات بە سات کە تێدەپەڕێت، زیاتر دەبێت."
ئیبراهیم زولفەقاری گوتی: "ئێوە خۆتان لەگەڵ خۆتان دەگەنە ئەنجامی جەنگەکە و، خۆتان لەگەڵ خۆتان دانوستاندن دەکەن. وادیارە لەسەر ئاستی سیاستمەدارانیشتان، تووشی لێدانی مێشک (زەبری مێشک)ی بوون."
زولفەقاری ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دڵی گەلەکەماندا کە لە مەیداندان، جگە لە ئومێد و سووربوون لەسەر جەنگ، هیچ شتێکی دیکە نییە."
ئیبراهیم زولفەقاری گوتیشی: "ماوەیەکە ئاگری ژێر نرخی نەوت هەڵگیرساوە، بڕی گڕەکە لە دەستی ئێمەدایە، بێگومان ئەمەش تەنیا یەکێکە لە گۆڕاوەکانی ئەو هاوکێشە فرە جۆرە کە لەم جەنگەدا بۆمان ئامادە کردوون."
زولفەقاری رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی داڕێژەری پێکهاتەکانە، چونکە خاوەنی مێژوو و جوگرافیایە و بێگومان دەستپێڕانەگەیشتووە. باش ئەوە بخەنە گوێی خۆتان ئێران هەر ئێرانە و بە ئێران دەمێنێتەوە."
ئیبراهیم زولفەقاری دەشڵێت: "دۆخی تەنگەی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێشوو. ئەوە روودەدات کە ئێمە بمانەوێت، ئێوە و هەر کەسێک پەیوەندیی بە ئێوەوە هەبێت، مافی تێپەڕبوونی نییە. بڕیاری دەرکردنی مۆڵەتی هاتووچۆ لای ئێمەیە. یاسای هاتووچۆ بە روونی دیاریکراوە."
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی 27-03-2026، هەزاران سەربازی مارێنز بگەنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێک لەو رۆژەی ترەمپ وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ئێران دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
بەپێی زانیارییەکان، کەشتیی هێرشبەری (USS Tripoli) و کەشتیی (USS New Orleans) پێکەوە لەگەڵ 2,200 سەربازی یەکەی 31ـی مارێنز، دەچنە ناو سنووری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). هەروەها پێنتاگۆن فەرمانی بە یەکەیەکی دیکەی مارێنز (یەکەی 11) کردووە کە لە سەر کەشتیی (USS Boxer) لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداردۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ