ترەمپ ئەندامانی تیمی دانوستاندنکارانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، تیمێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس و چەند راوێژکارێکی نزیکی سەرقاڵی دانوستاندنن لەگەڵ لایەنی ئێرانی. ئاماژە بەوەش دەکات ئێران بەهۆی تێکشکانی تەواوەتی هێزە سەربازییەکانییەوە ئێستا لە پێگەیەکی لاوازدایە و "زۆر پەرۆشە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

ترەمپ باس لەوەش دەکات، تاران وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، "دیارییەکی گەورەی" لە کەرتی وزەدا پێشکێشی واشنتن کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مارکوەین مولین وەک وەزیری ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و وردەکاریی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران.
 
تیمی دانوستاندنکار و 'دیارییەکەی' تاران
 
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، تیمێکی باڵا لە بەرپرسانی ئیدارەکەی و کەسە نزیکەکانی سەرپەرشتیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەکەن کە بریتین لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا.
 
ترەمپ گوتی، خۆیشی وەک سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ ئاگاداری دانوستاندنەکانە و ئاماژە بەوە دەکات: "ئەوان [ئێرانییەکان] زۆر پەرۆشن بۆ رێککەوتن. دوێنێ دیارییەکی گەورە و پڕ بایەخیان بۆ ناردین کە پەیوەندی بە کەرتی نەوت و گازەوە هەیە. ئەمە بۆ من تەنیا یەک مانای هەبوو. ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ کەسانی دروستدا مامەڵە دەکەین."
 
"ئێران بە تەواوی تێکشکاوە"
 
ترەمپ لە گوتارەکەیدا بە شانازییەوە باسی لە توانای سەربازیی ئەمریکا کرد و گوتی: "سوپای ئێران لەنێوچووە. ئێمە لە سێ رۆژدا هێزی دەریایی ئەوانمان لەنێوبرد. ئێستا هیچ کەسێک نەماوە قسەی لەگەڵ بکەین، چونکە زۆربەی سەرکردەکانیان کوژراون."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بە ئازادی لە ئاسمانی شارەکانی ئێراندا دەسووڕێنەوە و گوتی: "ئەوان هیچ توانایەکیان نەماوە، تەنانەت ئەگەر بمانەوێ گەورەترین وێستگەی کارەبای جیهان لەو وڵاتەدا تێکبشکێنین، ناتوانن هیچ بکەن."
 
مەرجەکانی رێککەوتن
 
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "خاڵی یەکەم، دووەم و سێیەم ئەوەیە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئەوان لەسەر ئەوە رازی بوون کە پیتاندنی یۆرانیۆمیان نەبێت."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ ستایشی وڵاتانی کەنداوی کرد و گوتی: "سعودیە نایاب بووە، ئیمارات و قەتەریش زۆر هاوکار بوون؛" باسی لەوەش کرد کە سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە 101 مووشەکی ئێرانی کە ئاراستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کرابوون، لە ئاسمانی دەریادا بخەنە خوارەوە.
 
ترەمپ گوتی، ئەمریکا لە باشترین پێگەی دانوستاندندایە و گوتی: "ئێمە شەڕەکەمان بردووەتەوە. تەنیا میدیا ناڕاستەکان نەبێت، کەس نییە نەڵێت ئێمە سەرنەکەوتووین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەقامێکی تاران. وێنەکە AFP

میدیایەکی ئیسرائیل مەرجەکانی ئێران بۆ ئاگربەست ئاشکرا دەکات

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی وردەکاریی ئەو مەرجە فەرمییانەی ئاشکرا کرد کە گوایە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دایناون، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی کردبوون.