رووداو دیجیتاڵ
37 پارت و لایەنی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدە دەکەن و دەڵێن، ئەو هێرشانە "تاوانی لەبیرنەکراون"؛ داواش دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، "یەکڕیزیی نەتەوەیی" پێکبهێندرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەو لایەنانە ئاماژە بەوە دەکەن، لە کاتێکدا ناوچەکە و جیهان بەرەو سیستمێکی نوێ هەنگاو دەنێن، گەلی کورد رووبەڕووی هێرشی "رێکخراو و هاوئاهەنگ" دەبێتەوە کە ئامانج لێی شکاندنی ئیرادەی کورد و لاوازکردنی پێگەیەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا.
پارت و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان تیشکیان خستووەتە سەر ئەو هێرشە مووشەکییانەی کە کراونەتە سەر هێزە کوردییەکان و دەڵێن: "ئەو هێرشانەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کرانە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، بەشێکن لە پیلانێکی گەورە بۆ لەنێوبردنی خەونی کورد."
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات، ئێوارەی دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، هێرش کرایە سەر بنکەی "خراب جیر" لە رۆژئاوای کوردستان. سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵات، رایگەیاند کە هێرشەکە لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە بووە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.
لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەدەن کە تاقە رێگەی رزگاربوون لەم قۆناخەدا یەکڕیزییە و دەڵێن: "یەکڕیزیی کورد تەنیا بژاردە نییە، بەڵکو تاکە دەرەتانی رزگاربوونە." داواشیان لە سەرجەم هێزە کوردییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان کردووە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و پێکەوە کار بکەن.
ئەو لایەنانەی راگەیێندراوەکەیان واژۆ کردووە:
1- کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)
2- پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD)
3- پارتی سەوزی دیموکراتی کوردستان
4- پارتی ئاشتیی دیموکراتی کوردستان
6- پارتی کۆمۆنیستی کوردستان
7- پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا
8- پارتی دیموکراتی کوردی سووریا
9- پارتی چەپی کورد لە سووریا
10- پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا
11- پارتی سووریای ئاییندە
12- پارتی گۆڕانی دیموکراتی کوردستان
13- بزووتنەوەی نوێبوونەوەی کوردستان
14- یەکێتیی کرێکارانی کوردستان
17- پارتی ویفاقی دیموکراتی کوردی سووریا
18- بزووتنەوەی چاکسازی- سووریا
20- پارتی برایەتیی کوردستان
21- پارتی رۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا
22- بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (TEV-DEM)
23- کۆنگرەی ستار
25- پارتی خەباتی دیموکراتی
26- رەوتی ئاییندەی کوردستان
27- پارتی دیموکراتی کوردستان- رۆژئاوای کوردستان
30- پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانیی کوردستان
31- پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی)
32- پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا
33- پارتی چەپی شۆڕشگێڕ لە سووریا
35- پارتی پارێزگارانی کوردستان
36- پارتی کۆبوونەوەی سووریای دیموکرات
37- رەوتی چاکسازیی سووریا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ