رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران لە پارێزگای ئیسفەهان ئەنجامداوە و "سەرەکیترین" کارگەی بەرهەمهێنانی مادە تەقەمەنییەکانیان لەنێوبردووە.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانیان بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە ئیسفەهان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئیسرائیل سەرەکیترین پێگەی بەرهەمهێنانی مادە تەقەمەنییەکانی ئێرانی کردە ئامانج کە تێیدا مادەی تەقەمەنی بۆ جۆرە جیاوازەکانی چەک دروست دەکرا."
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، ئەم شوێنە لە مانگی حوزەیرانی رابردووش کرایە ئامانج، بەڵام تێبینییان کردووە تاران لە چەند مانگی رابردوودا خەریکی نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی تواناکانی بووە، بۆیە هێرشیان کردووەتەوە سەری.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تەنیا لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا زیاتر لە 120 مووشەک بەکارهێندراون و دەیان ئامانجی سەربازی لەنێو خاکی ئێران پێکراون، لەوانە پێگەکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەک و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی.
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، ئامانج لەم هێرشانە، قووڵکردنەوەی زیانەکانە بە کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئێران و پەکخستنی ئەو توانایانەی تارانە کە لە چەندین ساڵی رابردوودا پەرەی پێداون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ