سوپای پاسداران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای لە سووریا راگەیاند

25-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لە سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاژێرێک لەمەوبەر بەهۆی هێرشی ئیسڕائیل بۆ ناوچەی زەینەبیەی دیمەشق کوژراوە.
 
رۆژی دووشەممە 25-12-2023 سوپای پاسدارانی ئێران، کوژرانی رەزی مووسەوی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "سەرتیپ رەزی مووسەوی لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی رژێمی زایۆنی گیانی لەدەستداوە". پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات و دەڵێت؛ "بە دڵنیاییەوە رژێمی زایۆنی باجی ئەو تاوانەی دەدات".
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی ئێران، سەید رەزی مووسەوی لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە و "ماوەیەکی زۆرە وەکو راوێژکاری سەربازی لە سووریا کار دەکات، بەڵام کاژێرێک لەمەوبەر بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق" گیانی لەدەستداوە.
 
ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسدارانیش وێنەیەکی ئەو فەرماندە کوژراوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هاوڕێیەکی نزیکی قاسم سلێمانی" فەرماندەی پێسووی فەیلەقی قودس بووە.
 
میدیاکانی ئێران باسیان لەوە نەکردووە لە هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق چەند کەسی دیکە بوونەتە قوربانی و تەنیا کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودسیان بڵاوکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە