حوسێن شەرع، باوکی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ئێستای سووریا ، رۆژی 20ی ئەم مانگە وتارێکی بە ناونیشانی (کێشەی کورد هیچ زەوینەیەکی لە سووریادا نییە ) لە گۆڤاری سعودی ( المجلة)دا بڵاوکردووەتەوە.
تێیدا دەڵێ " ئەوەی پێیدەگوترێت "پرسی کورد" لە سووریا نە هەبووە و نە دەبێت، ئەوە شتێکی نامۆیە و لە راستی دا نییە. کوردی سووریا ئینتیمایان بۆ دەوڵەتی سووریایە، عەشیرەتی کورد هەن، بەڵام عروبین، چونکە عەرەبایەتی مانا و واتایە، بیر و کولتوورە، نەک نەژادپەرستی".
بەپێی پرۆگرام و لێکدانەوەی (حیزبی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی)، هەر کەسێک لەسەر خاکی نیشتیمانی عەرەب بژیت عەرەبە، ئەگەر زمانیشی عەرەبی نەبێت. بەپێی نەخشەی قەومییەکانی عەرەب و بەعسییەکان، خاکی عەرەب و نیشتمانی عەرەبی تەواوی خاکی سووریا و عێراقیش دەگرێتەوە، لە چیاکانی زاگرۆسەوە دەستپێدەکات تاوەکو رۆژئاوای عەرەبی.
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی وتارەکەی حوسێن شەرعە: پرسی کورد زەوینەی لە سووریادا نییە
سووریا کە گەوهەری وڵاتی شامە، لە دوای شەڕی مەرجی دابق لە باکووری حەلەب لە ساڵی 1516 و سەرکەوتنی سوپای عوسمانی بە سەر مەمالیکدا بووە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی، پێش ئەوەش مەمالیک دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتی شام و میسردا هەبوو، دروشمەکەیان بریتیبوو لە: فەتحی ئیسلامی و یەکخستنی وڵاتانی موسڵمان لە ناوچەی عەرەبی دا. ئەمە نزیکەی 400 ساڵ بەردەوام بوو، لە 1516 ەوە تاوەکو 1916 کە شۆڕشی گەورەی عەرەب بە هاندانێکی ئاشکرا لەلایەن بەریتانیا و هێزە رۆژئاواییەکان سەریهەڵدا، دوای رێککەوتنی سێ کۆنسووڵ بۆ دابەشکردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی عەرەب، بەتایبەتی وڵاتی شام و عێراق. ئەم ڕێککەوتنە بە "سایکس-پیکۆ" لە ساڵی 1916 ناسرا، دوو سیاسیی فڕەنسی و بەریتانی ، لەگەڵ کۆنسوڵی رووسی لە سەردەمی حوکمی قەیسەری رووسیا، بەڵام دوای شۆڕشی 14ی ئۆکتۆبەری 1917، شۆڕشگێڕانی رووسیا ئەم رێککەوتنەیان ئاشکراکرد و لێی دەرچوون. کاریگەرییەکانی ئەم رێککەوتنە بەردەوام بوون، لەوانە: بەڵێنی نەفرەتیی بەلفۆر لە 2ی تشرینی دووەمی 1917، پاشان مانداتی بەریتانی -فەرەنسی لەسەر وڵاتی شام لە 1920، پاشان دابەشکردنی لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا و، جێبەجێکردنی لە دوای رووخاندنی دەوڵەتی عەرەبی و دەرکردنی شا فەیسەڵی کوڕی حوسێن و کۆتاییهێنان بەم دەوڵەتە نوێیەی دەسەڵاتی بەسەر وڵاتی شام دا بە هەر چوار هەرێمەکەیەوە هەبوو.
لە سەردەمی مانداتی فەرەنسا لە سووریا و لوبنان و، مانداتی بەریتانیا لە فەلەستین و رۆژهەڵاتی ئوردن و، سەرپەرشتیکردنی حوکمڕانیی عێراق و دانانی شا فەیسەڵی کوڕی حوسێن بە پاشا لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی بەریتانی دا و، دامەزراندنی شانشینی ئوردن لە رۆژهەڵاتی رووبار، لەلایەن میر عەبدوڵڵای کوڕی حوسێنەوە.
لە سەردەمی مانداتەکە لەسەر سووریا، شۆڕشە ناوچەییەکان (پەیوەست بە ناوچەکان) لە تەواوی سووریا سەریانهەڵدا، یەکەمینی ئەم شۆڕشانە شۆڕشی رابەری نیشتمانیی سووریا ئیبراهیم هەنانۆ بوو، کە بە رەگەز کوردە، بەڵام وەک هاووڵاتییەکی سووریایی و عەرەب بەرەنگاری ئەم مانداتە بووەوە، شۆڕشگێڕەکانی عەرەبی ناوچەی کەفەر تەخاریم و چیای زاویە بوون، دواتر شۆڕشەکەی گەیشتە حەلەب و دەوروبەری. ئەم شۆڕشەی شۆڕشێکی بەرچاو بوو، ئەو نەیگوت من کوردم، بەڵکو لە سۆنگەی ئەوە کە سووریایی بوو ئەمەی کرد و رابەرایەتیی شۆڕشەکەی کرد و، هاوڕێیەکانی عەرەب بوون ئەویش گەورەیان بوو. ئەم تێکۆشەرە گەورەیە کە یاساناس و رووناکبیر بوو، رۆڵێکی گرنگی لە شۆڕشی سووریا لە دژی مانداتی فەرەنسا هەبوو، دادگاییکرا و حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچوو، باوەڕی وابوو کە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر بۆ بەرگریکردن لە سووریای نیشتمان و نەتەوە عەرەبەکەی پێویستە.
ئەرێ پرسی کورد هەیە؟
ئەگەر بمانەوێت باس لە پرسی کورد لە سووریا بکەین، ئەم بابەتە هەرگیز لە سووریادا نەبووە و، کوردی سووریا لە شار و گوندەکانی سووریادا هەبوون، وەک هاووڵاتیی خاوەن کولتوورێکی عەرەبی و بە ئایین موسڵمان بوون و، ئەوەندەی مێژووی نزیک و دوور پێماندەڵێت هیچ تووندوتیژییەکی نەتەوەیی رووبەڕوویان نەبووەتەوە. کاتێکیش بە قووڵایی مێژوودا دەچین، دەبینین ئەو کەسەی کاریگەریی لەسەر مێژوومان دانا سەڵاحەدینی ئەیووبی پاڵەوان بوو، کە بە رەگەز لە بنەماڵەی ئەیووبییە، ئەو بنەماڵەیەش کوردی عێراقن و لە شاری تکریت گەشەیان کردووە، خۆیشی پەروەردەی دەستی بنەماڵەی ناسراوی زەنگییە، کە خێزانێکی کوردن.
نوورەدینی زەنگی یەکخەری خاکی شام و خاکی میسرە، وەک رابەرێکی عروبیی موسڵمان دەرکەوت و، فەرماندەی ئەو قۆناخە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو کە میرنشینە عەرەبە ناکۆکەکانی یەکخست و، کاتێک ئەم ئەرکەی بەجێگەیاند، سوپایەکی عەرەبی ئیسلامیی لە وڵاتی شام و عێراق و میسر پێکهێنا و هێرشی کردە سەر خاچییەکانی وڵاتی شام، ئەوەبوو لە شەڕی حەتین لە فەلەستین لە وڵاتی شام لە ٤-٧- ١١٨٧ز (٢٥ی رەبیعولئاخیری ٥٨٣ی کۆچی)، بە سەر خاچییەکاندا سەرکەوت و پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ واژۆکردن، ئەمەش لە کۆتاییدا بووە مایەی رزگارکردنی وڵاتی شام لە خاچییەکان.
کەواتە ئەم تێکەڵییەی نێوان عەرەب و کورد رەسەن و قووڵە، نابێتە مایەی بانگەشە بۆ جیاکاری، وەک شەڕی عەین جالووت لە فەلەستین لە دژی مەغوولەکان لە 3-9-1920ز (20ی رەمەزانی 658ی کۆچی) بە سەرکردایەتیی شا سەیفەدینی قوتوز.
ئەمە مێژوویەکە لەبیر ناکرێت و، تێیدا عەرەب و ئەوانی دیکە لە یەکتر جیا ناکرێنەوە، چونکە ئەمە رستێکی مەعریفی و کولتووری و ئایینی بوو، نە جیاوازی تێدا هەبوو نە بانگەشە و ورووژاندنی هەندێک پرس کە لە نێوەڕۆکی رووداوەکان و ئاراستەکاندا نەبوونە.
مێژوویەکی هاوبەش لە سووریا
سووریا لەڕووی مێژووییەوە، مێژووی هاوبەش و گەلانی تێکەڵ بە یەکتر و تواوە لە یەکتریدا هەبووە، لە نێوان هەموو پێکهاتە گەورە و بچووک و زۆر بچووکەکاندا، ئەگەر بێیتە وڵاتی شام و عێراق، دەبینیت زیاتر لە ١٥ شارستانی لەم خاکانەدا ژیاون و گەشەیان کردووە، شوێنەواریان بەجێهێشتووە، لە کۆتاییشدا یەکگرتوویەکی نیشتمانیی جێگیر و چەسپاو و بەهێزیان بۆ ئێمە دروستکردووە.
ئەوەی بڵێت کۆی نیشتمانی سووریایی تایبەتمەندیی ئیتنیکیی هەیە، دەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە، چونکە هاوسەنگیی کولتووری و فکری و نیشتمانی تێکەڵی یەکترن و، ناتوانی ئەمە لەوی دیکە جیا بکەیەوە، ئەمەش پرسێکی جێی سەرنج نەبووە، یان بەدوای چارەسەردا نەگەڕاوە. کورد، تورکمان، ئاشووری و ئارامی گەلی نیشتمانی و سووریایی و عەرەبن و، مۆرکی گشتی و زاڵ تایبەتمەندی عروبییە لەڕووی هزر، کولتوور، رێباز و هەڵسوکەوت دا. بۆیە لە سووریا زانایەکی بەڕێزی وەک محەممەد کورد عەلی سەرۆکایەتیی کۆڕی زمانەوانی و یەکێتیی بیری عەرەبی دەکرد و، بانگەشەی بۆ دەکرد و پەیڕەوی دەکرد، نەیگوت ئەمە کۆڕێکی کوردییە یان شتێکی دیکە، بەڵکو دەیگوت عەرەبییە و، بانگەشەی بۆ یەکێتیی نەتەوەی عەرەب و ئیسلام کردووە، نووسین و دیبەیتەکانی گەواهیدەری ئەمەن. ئەگەر کەمێک بەرەو پێشتر بێین، دەبینین - وەک باسمان کرد - ئیبراهیم هەنانۆ، سووریایی و عرووبییەکی عەیار 24 بوو، عروبە تایبەتمەندییەکی رەگەزی نییە، بەڵکو کولتوور، بیر و زمانە، تەنانەت ئەگەر زمانی دیکەی بێگانەش بزانن، ئەوەی فەرەنسی دەزانی فەرەنسی نەبوو، ئەوەی عوسمانیی دەزانی عوسمانی نەبوو، هەروەها ئینگلیزیش.
کەواتە ئینتیما بۆ عروبە، کردەوە و کولتوور و قاڵبوونە. ئەمە زۆر لە خێزان و عەشیرەتەکان دەگرێتەوە، سەرەڕای گەڕان بەدوای بنەڕەت و لقەکان دا کە بەم دواییانە دەرکەوت بەهۆی ستەم و دابەشکارییەوە، بەڵام ئەوانە لە هەموو خەڵک زیاتر بۆ دەوڵەتی سووریا و عروبە، کە تاجی هەموو قۆناخەکانە، پەرۆشتربوون.
ئەگەر لێرەدا باسی تایبەتمەندی بکەین، لە حەما خێزانێکی گەورە و خاوەن پێگە و خانەدان هەیە، ناوی "بەرازی"یە، کەسانێکی خاوەن پلەی گرنگ لە مێژووی سووریا و رێبازی عروبیدا لێی دەرکەوتوون.
حوسنی زەعیم، کە بە رەگەز کوردە، سەرۆکی سووریا بوو، دوای دەرچوونی فەرەنسا لە نیسانی 1946 دا، فەرماندەی سوپای سووریا بوو، پاشان کودەتای بە سەر حکومەتی هەڵبژێردراوی (شوکری بێگ قوەتلی)دا کرد و، فڕێیدایە زیندان و خۆی بووە سەرۆککۆماری سووریا. سەرۆک وەزیرەکەی بەڕێز موحسین بەرازی بوو لە عەشیرەتی بەرازی لە حەما، ئەوان نەیانگوت ئێمە کوردین، بەڵکو گوتیان ئێمە لە بنج و بنەوانەوە سووریایین. ئەوان لە وڵاتێکی عەرەب دا دەسەڵاتداربوون کە دەستوورەکەی دەڵێت: "کۆماری سووریا، وڵاتێکی عەرەبە و سەر بە نەتەوەی عەرەبە". ئەم پێشەکییە لە هەموو دەستوورەکانی سووریادا هەیە هەر لە 1920 ەوە تاکو ئێستا و مامەڵە لەگەڵ گەل دەکات کە خاوەنی سەروەرییە، وەک ئەوەی لە هەموو دەستوورەکان دا هاتووە، واتە لە سەر بنەمای هاووڵاتیبوون، بەبێ گوێدانە ئایینزا، نەتەوە و ئایین.
لە سووریا لیوا تەوفیق نیزامەدین سوپاسالاری سووریا بووە، ئەویش خەڵکی جزیرەی سووریایە و کوردە، بەڵام فەرماندەیەکی عەرەبی سووریایی سوپای عەرەبی سووری بوو، ئەمە پێش یەکگرتنی میسر-سووریا لە شوباتی ١٩٥٨دا، دوای ئەوەش بۆ ماوەیەکی کورت بەردەوام بوو تاوەکو ئەوکاتەی لیوا عەفیف بەزرەیان لە جێی دانا، کە لەوانەیە ئەمیش بە رەچەڵەک کورد بێت، من سەڵاحەدین بەرزەی برای دەناسم کە ئەفسەر بوو لە ئۆفیسی دووەمی سوپای سووریادا، یەکێک بوو لەوانەی دەستەوارەی بەنێوبانگی چەکی چێکیی بۆ بەرژەوەندی میسر و سووریا، یان ئەوەی پێیدەگوترێت "شکاندنی قۆرخکاریی چەک"، ئەنجام دا. لە هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی سووریادا، پرسیار لە نەتەوەی ئەم وەزیر یان ئەو نەکراوە، ئەو یەکێکبوو لە دیارترین وەزیرانی یەکێتیی سووریا-میسر.
کەسایەتییەکانی کوردی سووریا
وەزیری یەکێتیخواز و نەتەوەیی عروبی محەممەد عەلی بۆزۆ، ئەویش بە بنەچە کوردە، هەروەها وەرزشوانانی سووریایی و عروبی لیوا فارووق بۆزۆ، عەدنان بۆزۆی برای کە ناسراوترین کۆمێنتاری وەرزشی بوو. هەروەها بەنێوبانگترین خێزانەکانی گەڕەکی سالحییەی شام، وەک شەمدین ئاغا و ئەعمەر ئاغا. ئەوانە سەرۆکی بنەماڵە شامییە کوردەکان بوون، دایکی ئەم دوو رابەرە لە خێزانی ئێمەن و هێشتا گۆڕەپانی شەمدین ئاغا لە شام ماوە.
چیای کوردان لە دیمەشق زۆربەی خێزانە بە رەچەڵەک کوردەکان لەخۆ دەگرێت، بەڵام عروبین و زیاتریش، لەوانە شێخ ئەحمەد کەفتارۆی موفتیی گشتیی سووریا بۆ زیاتر لە 30 ساڵ، بانگخوازی ئیسلامی د.محەممەد رەمەزان بۆتی، لە بنەڕەتدا خەڵکی بۆتانە، بەڵام رێبازە ئیسلامییەکەی عروبی بوو و شانازیی پێوە دەکرد، هەروەها بنەماڵەی شێخۆ کە راگەیاندنکاری لێهاتوو مەروان شێخۆ و براکەی عەدنان شێخۆیان لێ هەڵکەوتووە. بەڕێز محەممەد ئەییوبی کە وەزیر و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو لە سەردەمی حوکمی حافیز ئەسەد دا، ئەندامی هەردوو سەرکردایەتیی نەتەوەیی و هەرێمیی (حیزبی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست) بوو. نەیگوت من کوردم. هەروەها کەسانی دیکەیش نەیانگوت، چونکە مەیلیان بۆ لای نەتەوەی عەرەبە. رەنگە رۆژنامەنووس عیرفان نیزامەدینتان لەبیربێت کە خەڵکی قامشلۆ بوو، گوێتان لێبووە بڵێ من کوردم؟
لە خێزانە کوردەکانی دیمەشق، خێزانی بەگداش و لەوان کۆچکردوو خالید بەگداش، هاوژینەکەی و د.عەممار بەگداشی کوڕی، ئەوانە لە سەرکردەکانی (حیزبی شیوعیی سووریا)ن و بۆچوونەکانیان هەمیشە و سووریایی و عروبی بووە. خێزانی حەمۆ لەیلێ و شەمسۆ، زەرکی، ئالووسی، ..هتد، ئەوانە کوردن، بەڵام ئاراستەیان هەمیشە سووریایی و عروبی بووە، هیچ جیاکارییەکی کردەیی نییە لەنێوان ئەوەی کوردە یان تورکمانە یان چەرکەسە یان ئەرنائوتە و ئارامی و ئاشووری و ئاسوورییە، هەموو ئەوانەی باسم کرد زمانیان عەرەبی بوو و ئینتیمایان بۆ نەتەوەی عەرەب بوو، من ئەمە لە خۆڕا ناڵێم، بەڵکو ئەمە راستییەکەیە.
جزیرە
ناوچەی جزیرە کە سێ پارێزگا لەخۆ دەگرێت، رەققە، دێرەزۆر و حەسەکە و، قامشلۆش، گردبوونەوەیەکی کورد هەبوو لە چیایەکدا کە ناوی (کورد داخ)ە، رێژەیان بەراورد بە ژمارەی خەڵکی سووریا نزیکەی ٣٪ دەبێت. کوردانی کورد داخ ئاغایەکیان هەیە. بەهۆی ئەوەی زیاتر مەسیحییەکان لە قامشلۆ نیشتەجێن، هەروەها عەرەبی ئاشووری و ئاسووری و ..هتد، ئەمانە لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەبەر هۆکاری ئابووری بۆ ئەمەریکا و ئەورووپا کۆچیان کرد، زۆربەی موڵکەکانیان فرۆشتنە ئەو کوردانەی لە باشووری تورکیا یان لە چیای کورد داخەوە هاتوون، بەم شێوەیە کورد لە قامشلۆ و لە گوندەکانی دەوروبەریدا پەیدا بوون.
کورد لە پارێزگای حەسەکە کە قامشلۆی تێدایە نزیکەی 20٪ پێکدێنن، لە ناوچەی پەرت و دوور لەیەکدا نیشتەجێن، گرنگترینیان عامودە، عەین عەرەب ( کۆبانێ – وەرگێڕ)، قەحتانییە (تربەسپی - وەرگێڕ) و یەعروبییە ( گرکۆچەر – وەرگێڕ). ئەمانە زەوینەیەک پێکناهێنن بۆ رەگەزی کوردی بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ عەشیرەتە عەرەبەکان دا، تەنیا ناوچەیەک کە گردبوونەوەیەکی گەورەی کوردی تێدایە عەفرینی سەر بە حەلەبە. ستەملێکراویی کورد لەگەڵ سەرژمێریی 1926 دەرکەوت، کاتێک ئەوەی ئامادە بوو هاووڵاتیبوونی پێدرا، ئەوەی ئامادەنەبوو تۆمارنەکرا و کارتی سوور یان هەر شتێکی پێدرا وەک ئەوەی بێگانە بێت، دەوڵەت پێیوابوو زۆربەی ئەوانە کۆچبەرن و خەڵکی باشووری تورکیان، سووریایی نین، لە کاتێکدا زۆربەیان سووریایی بوون و لەوانەیە لە پارێزگەکانی دیکە کاریان کردبێت. ئەمە راست نەکرایەوە، بەتایبەتی کاتێک حیزبی بەعس دەسەڵاتی لە سووریا گرتە دەست و دیاردەی عەرەباندنی ئەم ناوچانە و کەمکردنەوەی بوونی کورد تێیاندا باڵی بە سەر سیستمی حوکمڕانیدا کێشا، بەتایبەتیش کە دیاردەی کوردبوون و پرسی کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق دا دەرکەوت.
ئێران و تورکیا و عێراق
لە ساڵی 1946 لە ئێران، دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری رۆژئاوای ئێران لە شاری مەهاباد بۆ ماوەیەکی کورت دامەزرا و 11 مانگ تەمەنی کرد، ئەمەش بە هاندانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو و پاشان کۆتایی پێهێنرا. نزیکەی 15 ملیۆن کورد لە ئێران هەن و، لە رۆژهەڵاتی تورکیاش لە چەند شار و ناوچەیەک دا (کورد هەن)، ئەوانیش بە پشتیوانیی سووریا لە سەردەمی حافز ئەسەد، حیزبێکی چەکداریان دامەزراند کە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ـە ئەویش دیاردەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بۆ ئەوەی دابەشبوونێک لە دەوڵەتی تورکیادا دروست بکات و، شەڕێکی چەکدارییان دەستپێکرد و نزیکەی ٥٠ ساڵە چیا سەختەکانی قەندیلی نێوان عێراق و تورکیایان کردووەتە بنکەی خۆیان.
لە عێراق دا، سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی جووڵەی کرد و پێش ئەویش لە ساڵی 1931 و لە سەردەمی شا غازی، پاشای عێراق، شۆڕشێک بە سەرکردایەتیی ئەحمەد بارزانی بەرپا ببوو و، مستەفا بارزانیی برایشی لە یاخیبوون لە دژی دەوڵەتی عێراق بەردەوامبوو و ناوی لێنرا "شۆرشی دووەم" لە ساڵی 1943 کە بە مەبەستی بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی بوو، هەروەها جووڵەکانی مەحموود بەرزنجی لە سلێمانی لە نێوان ساڵانی 1919 و 1931 یش هەبوون، شۆڕشی بارزانی لە ساڵی 1961 دا گەشەی کرد دوای سەرکەوتنی کودەتاکەی 1958 بە سەرکردایەتیی زەعیم عەبدولکەریم قاسم، کە مەلا مستەفا بارزانیی دامەزرێنەری (پارتی دیموکراتی کوردستان)ی بانگهێشت کردەوە، کە لە ساڵی 1945 ەوە لە یەکێتیی سۆڤیەت پەنابەر بوو.
شۆڕشی ئەیلوول لەو ناوچەیەی بە "کوردستانی عێراق" ناسراو هەڵگیرسا و، لە ساڵی 1961ەوە تاوەکو 1991 هیچیان بەدەستنەهێنا تاوەکو ئەوکاتەی سەدام حوسێن خۆی تووشی هێرشکردنە سەر کوێت کرد، ئیتر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی کوردستان بەدەستهات، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی نێوان (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) کە جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتیی دەکرد لە نێوان هەولێر و سلێمانی دا دابەشکرابوو و، ئەو دابەشبوونە هێشتا ماوە و وەک میراتێک، چەند ساڵ لەمەوبەریش سەرۆک مەسعوود بارزانی دوای گشتپرسییەک هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دا، بەڵام رێگەیان پێنەدرا.
سووریا و بەعس
بەڵام هەرگیز ئەم شتانە لە سووریا روویان نەداوە، لە سەردەمی حوکمڕانیی بەعس لە سووریا، ژمارەیەک حیزبی کوردیی بچووک و ناکۆک دروستبوون، بەڵام زۆربەیان خاوەنی ئینتیمای نیشتمانی بوون و هەندێکیان مارکسیست بوون، تاوەکو ئەوکاتەی رێکخراوی "رێڤەبەری خۆسەر" دروستکرا و، رێکخراوێکی سەربازییان دامەزراند کە ناویان نا (هەسەدە) کە کورتکراوەی (هێزەکانی سووریای دیموکرات)ـە.
لە سەردەمی شۆڕشی دوای ساڵی 2011 ی سووریا، هەندێک هێزی کوردی سنووربڕ پێیان وابوو کاتەکە لە بەرژەوەندی ئەوانە، ئیتر سێ پارێزگایان لە سووریا دابڕی و دەستیان بەسەریاندا گرت و سەرکردایەتییەکیان دروستکرد کە لقێک بوو لە (پارتی کرێکارانی کوردستان)ی تورکیا، پێیان وابوو سەرەڕای کەمیی ژمارەی دانیشتووان و رای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە سوودوەرگرتن لە دیاردەی داعش، دەتوانن هەرێمێکی کوردی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دامەزرێنن و سواری شەپۆلی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داعش بوون و پەیوەندییان لەگەڵ ئەمەریکاییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرت و، کاروباری خۆیان بە دەست ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دا.
بەڵام ئەم پارێزگایانە هەموویان عەرەبن و هیچ کوردێکیان تێدا نییە. لە رەققە سفر و، لە دێرەزۆر سفر و، لە پارێزگای حەسەکەدا نزیکەی 20٪ی دانیشتووانی کوردن کە لە سەر رووبەری پێکەوە گرێنەدراو بڵاون، بۆیە پەنایان بردە بەسەربازکردنی بێکاران لە پێکهاتەی عەرەب و، هێزێکی چەکدار دروستکرا کە زۆربەی عەرەبە و، سەرکردایەتییەکەی لە چیاکانی قەندیلەوەیە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا، هەندێک لە سەرکردەیان لە پاشماوەکانی رژێم بۆ ئەوانە زیاد کرد بە سوود وەرگرتن لەو دۆخە شڵۆقەی سووریا تێیدا دەژیا، بەڵام لەم شۆڕشەی سووریادا هیچ رۆڵێکیان نەبوو. یەکێتیی حیزبە کوردییەکان خەباتێکی سیاسیی ناسراویان هەبوو، ئەمانەش پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی هەسەدە ناکەن، بەڵکو پشتیوانی لە یەکێتیی نیشتمانیی سووریا و کۆماری عەرەبی سووریا دەکەن . هەسەدە هەموو جۆرە تاوانێکی رێکخراوی لە دژ ئەنجام دان و ئەوانەی کوشتن کە لە رێگەیدا دەوەستان، ئەوان سەرکردەی نیشتمانیی کوردی سووریا مەشعەل تەممۆ و خەڵکانی دیکەیان تیرۆرکرد و، ناچاربوون رێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سووریا لە 10ی ئاداری 2025دا واژۆبکەن و، لە جێبەجێکردنی دا کەمتەرخەمییان کرد، چونکە فەرمانڕەوا و فەرماندەیان سەرکردەکانی چیاکانی قەندیلن.
لەبەر هەموو ئەمانە، ئەوەی پێیدەگوترێت "پرسی کورد" لە سووریا نە هەبووە و نە دەبێت، ئەوە شتێکی نامۆیە و لە راستی دا نییە. کوردی سووریا ئینتیمایان بۆ دەوڵەتی سووریایە، عەشیرەتی کورد هەن، بەڵام عروبین، چونکە عەرەبایەتی مانا و واتایە، بیر و کولتوورە، نەک نەژادپەرستی. دەوڵەتی عوسمانی زەوی و موڵکی بەرفراوانی لە خاکی سووریا دابووە کورد، وەک بنەماڵەکانی یوسفی شامی، ئالووسی، زەرکی ، قەرەشوولی و بەرازی. هەروەها ئاغاکانیش لە چیای کورد داخ (چیای کورمێنج – عەفرین ، وەرگێڕ)، بەڵام ئەمانە بە درێژایی مێژوو عروبی مانەوە و هیچ ئارەزووی جیابوونەوە یان نەژادپەرستییان نەبوو، ئەوان لەڕووی ئینتیماوە سووریایین و عەرەبن، ناوی گەورەیان لێ دەرکەوتن کە پۆست و پلەی گرنگیان لە دەوڵەتی سووریادا وەرگرت، هەروەها لە حیزبە قەومییە عەرەبییەکان دا، وەک (حیزبی کۆمەڵایەتیی سووری) و (حیزبی بەعس ) و (جوڵانەوەی قەومییە عەرەبەکان) و حیزبە سووریاییەکانی پێشوو وەک (حیزبی گەل) و (حیزبی نیشتمانی) و حیزبەکانی دیکە و، (کوتلەی نیشتمانیی سووریایی).
سووریا یەک وڵاتی یەکگرتووە و، کولتوور و بیری عەرەبی و ئیسلامییە و، هەرگیز لە دژی کەس نەژادپەرست نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ