ئەمریکا سێ فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیردەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2003ەوە سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە یەک کاتدا لە ناوچەى بەرپرسیارییەتى فەرماندەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
 
سێنتکۆم رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردەوە، هەر سێ فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن)، (جێراڵد فۆرد) و (جۆرج بوش) پێکەوە لە ناوچەکەن.
 
بەپێی سێنتکۆم، ئەم هێزە دەریاییە گەورەیە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی لەخۆدەگرن، هەروەها زیاتر لە 15 هەزار سەرباز لە هێزە دەریاییەکان و مارێنز لەسەر ئەم کەشتییانەن و ئامادەی جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی سەربازین.
 
ئەم هێزە سەربازییە گەورەیە تەنیا لە فڕۆکەهەڵگرەکان پێکنەهاتووە، بەڵکو 12 کەشتیی جەنگیی دیکە هاوەڵییان دەکەن، لەوانەش کەشتییە جەنگییەکانى (مەهان)، (مەیسن)، (رۆس)، (باینبریدج). کەشتییە جەنگییەکان توانای بەرگریی ئاسمانیی بەهێزیان بەرامبەر فرۆکە و درۆن هەیە و تواناى پێکانى ئامانجی دوورمەودایان هەیە.
 
لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، فڕۆکەهەڵگرەکان چەندین جۆری فڕۆکەی پێشکەوتوویان لەسەرە، لەوانە فڕۆکەی جەنگیی (ئێف-35 لایتینگ) کە فڕۆکەیەکی پێشکەوتووى جەنگییە و تواناى پێکانى ئامانجى ئاسمانى و زەوینی هەیە؛ فڕۆکەی (سوپەر هۆرنێت) یەکێکە لەو فرۆکانەى تواناى هەڵگرتنی زۆرترین سووتەمەنی هەیە و وەک وێستگەیەکى سووتەمەنى ئاسمانى پاڵپشتى فرۆکەکانى دیکە دەکات؛ هەروەها فڕۆکەی (گراولەر) بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی بەکاردێت، وەک لەکارخستنى سیستم و رادارەکانى لایەنى بەرامبەر.
 
لە هەمان کاتدا، نزیکەى 37 هێلیکۆپتەر لەسەر ئەو کەشتییانەن، لەوانەش هەلیکۆپتەری (سیی هاوک)، یەکێک لە پێشکەوتووترین هەلیکۆپتەرە جەنگییەکان کە لە یەک کاتدا خاوەن تواناى مووشەکى بەرز و نوێترین جۆرى رادارە؛ هەروەها هێلیکۆپتەرى (ئۆسپرەى) کە خێراییەکی زۆری هەیە و وەکو هێلیکۆپتەرێکى گەورەش تواناى هەڵگرتنى قورسایی هەیە. 
 
دوایین جار سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە یەک کاتدا لە ناوچەی ئەرکەکانی سێنتکۆمدا بووبن،  ساڵی 2003 و کاتی دەستپێکردنی جەنگی عێراق بوو. 
 
کۆکردنەوەى ئەم هێزە زەبەلاحە هاوکاتە لەگەڵ ئاگربەستى نێوان ئەمریکا و ئێران و چەقەبەستوویی دانوستاندنەکانى ئیسلامئاباد. سێنتکۆم تەنیا دەڵێ، ئامادەى جێبەجێکردنی هەر جۆرە فەرمانێکن. فەرمانى سەرەکیش ئێستا گەمارۆى بەندەرەکانى ئێرانە. 
 
لەگەڵ ئەم فرەجۆرى هێزە، بڕیارە لە کۆتایی مانگى نیسان کەشتیی جەنگى (بۆکسەر) بگاتە ناوچەکە و هاوشان لەگەڵ کەشتیی جەنگى (تریپڵی) بژاردەى زیاتر دەخەنە بەردەم ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل لە کاتی پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنێک

ئاگربەستی جەنگی لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە

رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی راگەیاند و گوتی: "پێموایە هەلێکی زۆر باش بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەیە و دەبێت کارێکی ئاسان بێت."