نەتەنیاهوو: حیزبوڵڵا هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ لوبنان دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵا بە هەوڵدان بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ لوبنان تۆمەتبار دەکات. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی حیزبوڵڵا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن لە دانوستاندنە راستەوخۆکان لەگەڵ تەلئەڤیڤ بکشێنەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی، 24ی نیسانی 2026 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، وڵاتەکەی دەستی بە پرۆسەیەکی مێژوویی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ لوبنان کردووە و رایگەیاند: "بەڵام بۆمان روونە حیزبوڵڵا هەوڵی تێکدانی ئەمە دەدات." 
 
لەبارەی هەمان بابەت محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد لە دانوستاندنە راستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل بکشێتەوە. 
 
محەممەد رەعد گوتی: "دەبێت دەسەڵاتداران لە ئاست گەلەکەیاندا شەرم بکەن و لەو دانوستاندنانە بکشێنەوە کە لەگەڵ دووژمنی زایۆنی دەکرێن؛" ئاماژەی بەوەش کرد، هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی لە سایەی ئەم جەنگەدا هیچ کۆدەنگییەکی نیشتمانیی لوبنانی لەپشت نییە.
 
هاوکات عەلی فەییاز، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا رایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاگربەست "هیچ مانایەکی نییە،" کاتێک ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی. فەییاز گوتیشی، گرووپەکەی مافی وەڵامدانەوەی لە کاتی گونجاودا بۆ هەر "شەڕەنگێزییەکی" ئیسرائیل هەیە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی لوبنانی بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکردەوە، بەڵام جەنگ بەشێوەیەکی سنووردار بەردەوامە. 
 
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی چەند ئامانجێکیان لە گوندی (دێر عامس) لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد. بەپێی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، ئەم هێرشە وەڵامێک بووە بۆ "پێشێلکردنی ئاگربەست" لەلایەن حیزبوڵڵاوە، چونکە گوایە دوێنێ لەو ناوچەیەوە مووشەک ئاراستەی شارۆچکەی (شتولا) لە باکووری ئیسرائیل کرابوو.
 
بەر لە هێرشەکەی ئیسرائیل، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ئێکس) داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد "دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لانیکەم هەزار مەتر لەو ناوچەیە دووربکەونەوە." 
 
سەبارەت بە دۆخی ئێران، نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "نایاب"ی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەبووە و گوتی، ترەمپ لە رووی ئابووری و سەربازییەوە گوشارێکی یەکجار بەهێز دەخاتە سەر ئێران و هەردوو وڵاتیش "بە هەماهەنگیی تەواو" لەو بوارەدا کار دەکەن.
 
هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ى ئادار دەستیانپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی لەو رۆژەدا حیزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. 
 
ئیسرائیل لە 16ى ئاداریش هێرشى زەوینی بۆ سەر باشوورى لوبنان دەستپێکرد.
 
 لە ئەنجامى جەنگەکەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2500 کەس لە لوبنان کوژراون و ملیۆنێک و 200 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. حکومەتى لوبنان بە مەبەستى وەستاندنى هێرشەکانى داواى دانوستاندنى راستەوخۆى لەگەڵ ئیسرائیل کرد، لە بەرامبەردا ئیسرائیل داواى چەککردنی حیزبوڵڵا لە حکومەتى لوبنان دەکات. لە باکووری ئیسرائیلیش نزیکەی 100 هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە ئاوارە بوون.
 
لە 16ى نیسان بۆ 10 رۆژ ئاگربەست لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا راگەیێندرا. ترەمپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ گوتی، ئاگربەستەکە بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکراوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل لە کاتی پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنێک

ئاگربەستی جەنگی لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە

رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان، درێژکردنەوەی ئاگربەستەکەی راگەیاند و گوتی: "پێموایە هەلێکی زۆر باش بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەیە و دەبێت کارێکی ئاسان بێت."