رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی سووریا دەڵێ، ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچەیەکی نزیک لە شاری دیمەشقی کردووە و بەو هۆیەوە سێ سەربازی سوپای سووریا کوژراون.
رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە باڵەخانە سەربازییەکانی یەکەی 44ی سوپای سووریا لە رۆژئاوای دیمەشق، سێ سەرباز کوژران.
بەرەبەیانی سێشەممە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە خاکی سووریا ناکشێتەوە و لەو ناوچانە دەمێنێتەوە کە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی پار دەستیان بەسەردا گرت.
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە گوتی: "ئامانج لەو بڕیارە پاراستنی کۆمەڵگەکان [جوونشین]ە لە بەرزاییەکانی گۆلان، لەگەڵ ئەو وانانەی لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری [2023] فێری بووین."
یسرائیل کاتز گوتیشی: "لە پاراستنی دروزەکانیش لە سووریا بەردەوام دەبین."
لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ەوە ئیسرائیل سەتان جار هێرشی کردوەتە سەر ئامانجە جیاوازەکان لەنێو سووریادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ