رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی سێ هەفتەیە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و بەهۆیەوە زۆرینەی دانیشتووانی باکوور ناچارن بەرەو باشوور کۆچ بکەن، بەهۆی خراپی دۆخی کامپەکانیشەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەدات.
بەشێک لەوانەی ئاوارە بوون لە کەمپە کاتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێننەوە. نەدین عەبدوللەتیف، ئاوارەیەکە لەو کامپانە، "ئاوی پاکمان نییە یاخود بەرەو نەمان دەچێت، ئەو خواردنەی دەیخۆین خراپ و ماوە بەسەرچوون، هەروەها هیچ پێداویستییەکی پزیشکیمان نییە، جگە لەوەش لە نەخۆشخانەکان نەخۆشی بڵاوبووەتەوە."
نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە و پیسی کامپەکان بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی ئاوارەکان، جگە لەوەش بە 400 کەس یەک WCبەردەکەوێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات رەنگە سەدان هەزار ئاوارەی غەززە نەخۆش بکەون و دەشڵێت، ئەگەر چارەسەری خێرای دۆخەکە نەکرێت لەوانەیە کارەساتی مرۆیی لە کەرتەکە رووبدات.
بەرپرسانی تەندروستیی غەززەش دەڵێن، لەنێو ئاوارەکانی غەززە چەند جۆرێکی پەتا، نەخۆشییەکانی پێست و سکچوون و نەخۆشی دیکە بڵاوبووەتەوە.
ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە باس لەوە دەکات، "ئاوارەکان دەچنە نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و چەند شوێنێکی دیکە، دەبینین کەوا پەتا، نەخۆشییەکانی پێست و کۆکە و هەوکردن و سکچوون لەنێو ئاوارەکاندا زیاتر بڵاودەبێتەوە ئەوەش هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر سەدان هەزار ئاوارەی غەززە."
لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل لەو کاتەوە بەچڕی غەززە بۆردوومان دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لە باکوور ئاوارەی باشووری کەرتە ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ