رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بەشێکی کەسوکاری بارمتەکانی لای حەماس، بە بەرزکردنەوەی وێنەی کەسوکاریان و گوتنەوەی درووشمی "هەر ئێستا بیانگەڕێنەوە" گوتاریان بە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕی.
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023 لە کنێستی ئیسرائیل و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پارتەکانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بەمەبەستی پێشکێشکردنی دوایین زانیاری سەبارەت بە شەڕی غەززە، نەتانیاهوو جەختی لە درێژەدان بە شەڕەکە کردەوە و گوتی "ئەگەر گوشاری سەربازی نەبووایە، هەرگیز نەماندەتوانی بەشێک لە بارمتەکان بگەڕێنینەوە."
لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا، دەیان کەس لە کەسوکاری بارمتەکان کە لە ریزی سەرەوەی هۆڵی پەرلەمانەکەدا دانیشتبوون، دژ بە نەتانیاهوو هاواریان کرد و درووشمی "هەر ئێستا دەبێت بیانگەڕێننەوە"ـیان گوتەوە.
بەشێكیان بە دەنگی بەرز بە نەتانیاهوویان گوت "ئەگەر کوڕەکەی خۆت بارمتە بووایە، ئاوا دادەنیشتیت؟" ژمارەیەکیشیان هاواریان دەکرد "80 رۆژ شەڕ 80 رۆژ لە ئاگری جەهەنەم."
سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی ئیسرائیل، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێ "بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆببێتەوە و، ئەگەری هەیە تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکەی میسر، هۆکاری کۆبوونەوەکە بێت."
میسر دەستپێشخەرییەکی بە ئیسرائیل و حەماس داوە، کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە گیراوانی فەلەستین، هەروەها پێکهێنانی حکومەتێکی فەلەستینی لە کەرتی غەززە و رۆژئاوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ