رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی میسر رایگەیاند بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە نزیک نەخۆشخانەی تابا لە باشووری پارێزگای سینا شەش کەس بریندار بوون، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، "هەڕەشەیەکمان لە ناوچەی دەریای سوورەوە تێبینیکرد و فڕۆکەیەکی جەنگیمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاڕاستەکرد."
رۆژی هەینی، 27-10-2023، عەقیدی ئەرکانی جەنگ، غەريب عەبدولحافیز غەريب، گوتەبێژی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی میسر راگەیێندراوێکی لەبارەی خستنەخوارەوەی درۆنێکەوە بڵاوكردەوە، تێیدا هاتووە: "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی درۆنێکی ئاڕاستەکراوی نادیار لەنزیک نەخۆشخانەی شارۆچکەی تابا کەوتەخوارەوە، بەهۆی رووداوەکەوە شەش کەس بە سووکی برینداربوون و دوای ئەوەی چارەسەرییان بۆ کرا لە نەخۆشخانە دەرچوون.
هەروەها ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەبارەی رووداوەکەوە، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "لە چەند کاژێری رابردوو تێبینی هەڕەشەیەکی ئاسمانیمان لە دەریای سوورەوە کردووە و فڕۆکەیەکی جەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاڕاستە کرا."
ئەدرەعی هەروەها گوتی: "بەپێی زانیارییەکانمان ئەوەی رووبەڕووی میسر هاتووە بەهۆی ئەوەیە کە ئیسرائیل و میسر و ئەمریکا پێکەوە کاردەکەن و پاراستنی ناوچەکە لە رووبەڕووبونەوەی ئەو هەڕەشانەی لە سنووری دەریای سوورەوە دێت زیاتر دەکەن."
رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە 7 هەزار فەلەستینی کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 220 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.
لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا ئیسرائیل دووجار هێرشی زەوینی کردووەتە سەر کەرتی غەززە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەو هێرشانە ئامادەکارین بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر کەرتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ