رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس هاتنە سەر شەقامەکان و رێپێوان و نارەزاتییان پێشاندا و داوایان لە وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بۆ ئازادکردنی بەرمتەکان بکەن. وەزیرێکی قەتەریش دەڵێت، "کاردەکەین تاوەکو بارمتەکان ئازاد بکرێن."
بەشێک لە ئیسرائیلییەکان خەریکە بێ ئومێد دەبن لە ئاشنابوونەوەیان بە کەسوکارییان، چونکە نزیکەی سێ هەفتەیە تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون.
گای یاکوبی، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە دەڵێت، "هاوڕێکانمان بگەڕێننەوە. ئێمە پارەمان ناوێت، ئێمە هۆتێل و کەنار دەریامان ناوێت. ئێمە ئیسماعیل هەنییە و محەممەد دێفـمان ناوێت. ئێمە ئەو 17 کەسمان دەوێت کە لە کۆمەڵگەکەمان رفێندران و ئەو 220 بارمتەیەی لە غەززە دەستبەسەرن."
سیمۆنا، دایکی یەکێک لە بارمتەکانە لەبارەی منداڵەکەیەوە گوتی، "بۆ من، ئەوەی گرنگە هەر کەسێک بێت هاوکار بێت لە گەڕاندنەوەی دۆرۆنی کچم و هەموو بارمتەکان، بەزووترین کات."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا 220 بارمتە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستبەسەرن. چوار لە بارمتەکان ئازادکراون. لەنێو بارمتەکان 138 هاووڵاتی بیانی 25 وڵاتی تێدایە. لەو ژمارەیە 20ـیان منداڵن. لەنێو بارمتە بیانییەکان، 18ـیان تایلاندین، 15 ئەرجەنتینی، 13 ئەمریکی و 12 ئەڵمانی، حەوت فەرەنسی و شەش رووسی تێدایە.
ئیسرائیل پێیوایە، زۆربەی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە لە تونێلەکانی کەرتی غەززە دەستبسەر و شاردراونەتەوە.
محەممەد خلێفی، وەزیری دەوڵەت و گەورە دانوستاندنکاری قەتەر لەبارەی دیلەکانی ژێردەستی حەماس رایگەیاند، "ئێمە کار دەکەین بۆ ئەو مەبەستە، هەر بۆیە گوتم پێشهاتە ئەرێنییەکانی رابردوو، هاوکارمان بوو لەوەی لە پرۆسەکە زیاتر تێبگەین و زیاتر بچینە قوڵایی پرۆسەکە. بۆیە ئێمە گەشبینین و هیوادارین لە چەند رۆژی دادێت، ئێمە ئامانجی سەرەکی خۆمان بەدەست بهێنین."
حکومەتی ئیسرائیل نوێترین ئاماری قوربانییەکانی شەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە 328 کەسی سەر بە 40 وڵات لە شەڕەکە کوژراون یان بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ