رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دەستبەدەر داگرتنی تانکێکی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە لە رۆژانی سەرەتای هێرشەکەدا، وێنە : Abed Rahim Khatib/Flash90
رووداو دیجیتاڵ
چەند ژنە سەربازێکی ئیسرائیلی دەڵێن، پێش هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، جووڵەی گرووپە چەکدارەکان و مەشقەکانیان و چاودێری کردنی تەلەبەندەکانیان بە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیان گەیاندووە بەڵام پێیان گوتوون، "ئەوانە جووتیارن و جووڵەکان ئاسایین."
تاوەکو ئێستا زانیارییەکان، لەبارەی وردەکاریی هێرشەکەی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری سەر ئیسرائیل، بەتەواوەتی نەگەیشتوونەتە میدیاکان، بەڵام ناوە ناوە بەشێکیان دزە دەکات، هێشتا ئەوەی لە ئیسرائیل بە"شکستی هەواڵگری" ناودەبرێت، روون نییە چۆن روویدا و بۆچی ئیسرائیل بە دەزگایەکی هەواڵگری کە لە بەهێزترینەکانی جیهان هەژماردەکرێت زانیارییان لەبارەی هێرشێکی لەو شێوە گەورەیە نەبوو، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 310 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 230 کەس بە دیل گیران و زیاتر لە 1100 کەسیش کوژران.
لەدوای شەڕی ئۆکتۆبەری 1973 ئەمە بە "قورسترین شکست" بۆ ئیسرائیل دادەنرێت.
بەپێی نوێترین زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل پێش سێ مانگ لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری 2023، ژمارەیەک سەربازی ئافرەتی ئیسرائیلی کە لە بنکەی "ناحال عوز"ـن و چاودێریکردنی سنوورەکانی غەززەیان لە ئەستۆیە، هۆشدارییان داوە بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتەکەیان لەوەی بە دووری یەک کیلۆمەتر لە سنوور لەگەڵ غەززە تێبینیی جوڵەی نائاسایی دەکەن، جوڵەکانیش بەپێی ئەو سەربازانە مەشق و راهێنانی لە رۆژێکدا چەند بارەبووەوە، هەڵکەندنی چاڵ و دانانی تەقەمەنی بووە، بەڵام زانیارییەکان لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگرییەوە فەرامۆشکراون.
ئەو سەربازە ئافرەتانە کە یەکەیەکن بە: "سەربازانی ئافرەتی چاودێری" دەناسرێت، کە بە زمانی عێبری بە"تتسبیتانیۆت" ناسراوە و سەر بە هەواڵگریی شەڕە و لە درێژایی سنوورەکانی ئیسرائیل و سەرجەم ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا بڵاوبوونەتەوە.
لە ئیسرائیل بەو ئافرەتانە دەڵێن"چاوی سوپا"، چونکە لەکاتی خۆی و بەدرێژایی 24 کاژێر و هەر حەوت رۆژی هەفتە زانیاریی هەواڵگری دەدەنە سەربازانی گۆڕەپان.
ئەو ئافرەتانە لەرێگەی کامێرا و ئامێری هەستیار و نەخشەوە زانیارییەکانیان کۆدەکەنەوە و تەواو ئاگاداری ئەو سنوورەن کە کاری تێدادەکەن، لەگەڵ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ بەرپرسانی هەواڵگری رەوانەی دەکەن و ئەوان بڕیار لەسەر هەنگاوەکانی پێویست دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا دوو لە سەربازانی چاودێری، کە لە ئۆردووگای"ناحال عوز"ن، ئەو هۆشداری و زانیارییانە رەچاو نەکراون.
رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی و زیاتر لە 7 هەزار 326 فەلەستینی کوژراون و 18 هەزار و 967 کەسی دیەکەش برینداربوون، بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 229 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.
حەماس دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەوەی ئاشکراکرد، هێرشەکە ماوەیەکی زۆرە و نزیکەی دوو ساڵ دەبێت پلانی بۆ دادەڕێژرێت و گوتی هەموو رەهەندەکانی کەشوهەوا و سەربازی و تواناکان و دروستکردنی زۆرترین مووشەک و پێشبینیکردنی کاردانەوەکانیان لا هەبووە و هەموو هاوئاهەنگییان کردووە بۆ ئەوەی پلانەکە جێبەجێ بکەن، لەنێواندا پشتبەستن بە هەڵخەڵەتاندنی ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکان و لابردنی فۆکەس لەسەر هێرشەکە و پلانەکەی.
"سەرووی خۆمان پێیانگوتین ئەوانەی لە نزیک تەلبەندەکانن جووتیارن"
سەرباری ئەوەی رۆژانە و بەدرێژایی 24 کاژێر هەڕەشە و هێرشەکان بۆ سەر غەززە بەردەوامە، گرووپە چەکدارەکانی غەززەش درێغی ناکەن لە هەڵدانی دەیان مووشەک کە خەوی لە چاوی دانیشتووانی ئیسرائیل زڕاندووە، ژمارەی قوربانی هەردوولا لەو شەڕە گەیشتووەتە نزیکەی نۆ هەزار کەس و نزیکەی 25 هەزار کەسیش بریندارن، جگە لە بێسەروشوێنبوونی نزیکەی دوو هەزار کەس و 230 دیل.
هەریەک لە یائیل روتنبێرگ و مایا دیسیاتنیک، ئەو دوو سەربازە ئافرەتەن کە بۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیلی باسی ئەزموونی خۆیان لە مانگەکانی پێش هێرشەکەی سەر وڵاتەکەیان کردووە.
یائیل روتنبێرگ ئاشکرایکردووە، چەند جارێک فەلەستینیی بە جلی مەدەنییەوە بینیوە لە تەلبەندی سنووریی نزیکبوونەتەوە و نەخشەیان پێبووە و خاکی ئەو دەوروبەرەیان پشکنیوە و چاڵیان هەڵکەندووە و دەڵێت، "جارێک زانیارییەکانمان بۆ سەرووی خۆم بەرزکردەوە گوتیان ئەوانە جووتیاران و جێی نیگەرانی نین."، ئەو سەربازە ئیسرائیلییە لەکاتی هێرشەکەی چەکدارانی حەماس نووستبوو، تەنیا ئەو لەو شوێنەی خۆی و دیسیاتنیک رزگاریان بووە.
مایا دیسیاتنیک بەو دەزگا میدیاییەی ئیسرائیلی گوتووە، "چەکدارانی حەماس لە نزیک تەلبەندی سنووریی نێوان غەززە و ئیسرائیل مەشقیان دەکرد، سەرەتا هەفتەی یەک جار بوو، دواتر رۆژانە جارێک و پاشان بە بەردەوامی بوو."
ئەو ئافرەتە باسی ئەوەیکردووە، جگە لە راهێنان، زانیاریی لەسەر چۆنێتی لێخوڕینی تانک و پەڕینەوە لە رێگەی تونێلەوە بۆ ئیسرائیل پێگەیشتووە و گەیاندوویەتی.
عەمیت یروشالمی، یەکێکە دیکەیە لەو کچانەی پێش هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بە مانگێک خزمەتی سەربازی تەواو کردووە و لە هەمان یەکە کاریکردووە، دەڵێت، "پێش ئەوەی خانەنشین بم زیادبوونی چالاکییەکانی حەماسمان تێبینی دەکرد."
دەشڵێت، "بارهەڵگری بچووکمان دەبینی، راهێنانی چەکدارانی حەماس، تەقەیان دەکرد، مەشقیان لەسەر چۆنێتی دەستبەسەرداگرتنی تانک دەکرد، جگە لەوە چەکدارمان دەبینی بە دووری 300 مەتر کامێرا و دووربینیان پێبوو."
باس لەوەش دەکات، "هەموو شتێکم بینی و رەوانەم کرد، نازانم ئەو زانیارییانە چییان لێهات."
هەموو ئەو ئافرەتانەش لە کۆتاییدا دەڵێن ئەوەی هەستیان پێکرد لە روودانی هێرشێکی لەو جۆرەی 7ـی ئۆکتۆبەر گەیاندیان، بەڵام گوێی پێنەدرا.
بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، شۆکی هێرشەکەی حەماس هێندە گەورەیە، جارێ ئەو وڵاتە تەنیا فریای وەڵامدانەوەی هێرشەکان دەکەوێت و ناتوانێت لێکدانەوە بۆ رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و 24 کاژێری دواتری بکات.
بەپێی مایا دیسیاتنیک ئەو دوو خاڵەی پێشتر هۆشداریی لەبارەیانەوە دابوو کە بەرپرسیارێتی چاودێریکردنیان لە ئەستۆی ئەودایە، دوو خاڵ بوون لەو ژمارە خاڵەی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر 2500 چەکداری حەماس لەرێگەیانەوە چوونە ئەودیوی سنوور.
ئەو سەربازەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، کاژێر 3:30ـی بەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر نۆرەی چاودێریکردنی دەستیپێکردووە، بەڵام 6:30 هەموو شتێک گۆڕا و لە هەموو شوێنیکەوە هێرش و تەقەکردن دەستیپێکرد.
عەمیت یروشالمیش ئەوەی گوتووە کە کاتی هێرشەکە، سەرووی خۆیان ئاگادارکردووەتە بەردەوام پێیانگوتراوە کۆپتەر دەنێرن و فریایان دەکەون، بەڵام بە قسەی ئەو، کە ئەرکیان زیاتر پاراستنی ئۆردوگاکان بووە کەس بە هانایانەوە نەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ