ئێران داوا لە عێراق دەکات چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رابگرێت

29-05-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
تاران داوا لە بەغدا دەکات هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی ئەو وڵاتە خێراتر بکات.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی‌ ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە تاران کۆبوونەوە. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاویکردوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی ‌ئەکبەر ئەحمەدییان گوتوویەتی، رێککەوتنی ئەمنی کە دوای چەندین مانگ گفتوگۆ و هەوڵدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دوو وڵات هاتووەتە ئاراوە، هەنگاوێکی ستراتیژییە و دەبێ بە وردی جێبەجێ بکرێت.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەروەها دەڵێت، چاوەڕوانن حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، هەرچی زووترە کۆتایی بە بوونی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر خاکی ئەو وڵاتە بهێنێت و ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات گەرەنتی بکات.
 
بەپێی ئەو زانیارییانە، لە کۆبوونەوەکەدا قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە، باوەڕیان بەو رێککەوتنە هەیە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی دەکەنەوە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رۆژی دووشەممە 28-05-2023 بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی گەیشتە تاران. نووسینگەی ئەعرەجی رایگەیاندووە، لەو سەردانەدا جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ دەکرێت. 
 
ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرپرسانی عێراق پەیامێکیان نەداوەتە ئەو حیزبە لەبارەی داواکارییەکانی ئێران.
 
ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات. رێککەوتنەکە دوای ئەوە واژۆ کرا کە ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و رێگە نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەدا چالاکییان هەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە